قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا و ئەندرو بیزلی، کونسوڵی گشتیی بریتانیا لە هەرێم کۆبووەوە.
لە هەر دوو کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە(25/5/2026) لە هەولێر بەڕێوەچوون، باس لە دۆخی سیاسیی هەرێم و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم کرا. لەمبارەیەوە، قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە ناکۆکییەکان و وەستانی دانووستانەکان، رایگەیاند پێویستە دەرچەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەم چەقبەستوویە بدۆزرێتەوە و هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی دەرگا بەڕووی قۆناغێکی نوێدا بکەنەوە، چوونکە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە زیانی زیاتر بە پێگەی هەرێم و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانی هەرێم دەگەیەنێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، ئێمە دەمێکەیە وتوومانە بەغدا قوڵایی ستراتیژمانە و دەبێت وەک کورد لەوێ ئامادەییەکی بەهێزترمان هەبێت. جەختیشی کردەوە دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ لە بەغدا دەرفەتێکی باشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسە جیاوازەکان، بەڵام بۆ ئەمەش پێویستە لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن.
لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی ناوچەکەش ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا. لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆکوەزیران بە ئاماژەدان بەو پێشکەوتنانەی لە دانووستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا هاتووەتە ئاراوە، هیوای خواست دانووستانەکان بە ئەنجامێکی باش بگات و ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکەی لێ بکەوێتەوە.