كەشناسی هەرێمی كوردستان پێشبینییەكانی خۆی بۆ كەشوهەوای جەژنی قوربان راگەیاند، بەپێی پێشبینییەكانی رۆژانی جەژن ئاسمان ساماڵ دەبێت و لە دوو رۆژی جەژندا تۆز و خۆڵبارینێكی سووك ناوچە جیاوازەكان دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە چوار رۆژی جەژنی قورباندا ئەگەری بارانبارین نییە و ئاسمان بە گشتی ساماڵ دەبێت. ئاماژە بەوەش كراوە كە پلەكانی گەرما لەم ماوەیەدا ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكەن، هاوكات لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینیدا شەپۆلێكی سووكی خۆڵبارین روو لە هەرێمی كوردستان دەكات.
پێشبینییەكانی كەشناسی بۆ ڕۆژانی جەژن بەم شێوەیەن، یەكەم رۆژی جەژن كە رۆژی چوارشەممەیە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، پلەكانی گەرما 2 بۆ 3 پلە بەرز دەبنەوە.
دووەم رۆژی جەژن رۆژی پێنجشەممە، ئاسمان تەنكەهەور دەبێت لەگەڵ تۆزێكی سووك بەتایبەت لە ناوچەكانی باشوور، پلەكانی گەرما 2 بۆ 3 پلەی دیكە بەرز دەبنەوە.
سێیەم رۆژی جەژن هەینی، ئاسمان نیمچەهەور و ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێكی سووك، پلەكانی گەرما 2 بۆ 3 پلە نزم دەبنەوە. چوارەم ڕۆژی جەژن شەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و پلەكانی گەرما 1 بۆ 2 پلە بەرز دەبنەوە.