دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران یان دەبێت دەستبەجێ بگەیەنرێتە ئەمەریكا بۆ لەناوبردن، یان بە هەماهەنگی و هاوكاری خودی كۆماری ئیسلامی ئێران، لە شوێنێك لەناوببرێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە پەیامێكدا لە ترووس سوشیاڵ، نووسیویەتی، یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران "تۆزی ئەتۆمی" یان دەبێت دەستبەجێ تەسلیمی ئەمریكا بكرێت بۆ ئەوەی لەناوببرێت، یان لە شوێنی خۆی لە ئێران لەناو دەبرێت.
نووسیویشیەتی، پێویستە پرۆسەی لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ئامادەبوون و سەرپەرشتیكردنی كۆمیسیۆنی وزەی ئەتۆمی یان دامەزراوەیەكی هاوتای ئەنجامبدرێت.
سەرۆكی ئەمەریكا وردەكاری زیاتری سەبارەت بە چوارچێوەی ئەگەری پلانەكە یان پەیوەندییەكەی بە دانوستانە بەردەوامەكانی ئەمەریكا و ئێرانەوە نەخستەڕوو، بەڵام ئەم داوایانەی لە كاتێكدایە كە هەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێ لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران بەردەوامن.
پێشتر سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندبوو، دانوستانەكان لەگەڵ ئێران "بە باشی" دەڕۆن، بەڵام داوای كرد، سەرجەم ئەو وڵاتانەی وەك نێوەندگیر و لایەنی پەیوەندیدار بەشدارن، بە شێوەیەكی "ناچاری" بچنە ناو رێككەوتننامەی ئیبراهیم بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، تەنانەت پێشنیازی كرد كە ئێرانیش ببێتە ئەندام لەو رێككەوتننامەیەدا.
دۆناڵد ترەمپ تەئكیدی لەوەكردەوە، یان دەبێت رێككەوتنێكی زۆر باش لەگەڵ ئێران بكرێت یان هیچ رێككەوتنێك ناكرێت و دەگەڕێنەوە بۆ بەرەكانی جەنگ و تەقەكردنن، كە ئەمجارەیان گەورەتر و بەهێزتر دەبێت لە پێشوو، ئەو وتیشی، كەس ئەوەی ناوێت.