لەكاتێكدا كە تەكنەلۆجیای سەربازی بە خێراییەكی بێپێشینە دەگۆڕێت، فەرماندەی پێشووی هێزەكانی ئەمریكا دەیڤد پێترایۆس رایدەگەیەنێت، سوپای وڵاتەكەی پێویستی بە گۆڕانكاری ریشەیی دامەزراوەیی هەیە لە بواری درۆندا، چونكە جەنگەكانی داهاتوو چیتر لە نێوان سەربازەكاندا نابێت، بەڵكو لە نێوان كۆمەڵە درۆنە هێرشبەرەكاندا دەبێت.
جەنەراڵ دەیڤد پیترایۆس كە 37 ساڵ خزمەتی سەربازی لە سوپای ئەمەریكادا كردووە و پێشتر بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ئەمریكا (سی ئای ئەی) بووە، لەچاوپێكەوتنێكیدا، رایگەیاند، ئێمە بە ئەندازەی پێویست وانەمان لە شەڕی ئۆكرانیا وەرنەگرتووە، كە ئەمە داهاتووی شەڕە؛ ئەمە شەڕێكە تێیدا یەك لایەن، ئۆكرانیا، بە ئەندازەی 10 هەزار درۆن لە رۆژێكدا بەكار دەهێنێت، 90٪ی قوربانییەكانی روسیا بەهۆی درۆنەوەیە،
تانكەكان چیتر ناتوانن تەراتێن بكەن، ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەكان ناتوانرێت بپارێزرێن، تەنانەت ئۆتۆمبێلەكان ناتوانن لە ناوچەی مەرگ بجوڵێنەوە كە بە قوڵایی 30 كیلۆمەتر لە هەردوو بەرەی پێشەوەی شەڕدا درێژدەبێتەوە، هەروەها تەنانەت ناتوانرێت چیتر بوترێت بەرەی پێشەوەی شەڕ، چونكە درۆنەكان دەتوانن بۆ نێو خەندەقەكاندا بفڕن و خەڵك بكوژن.
ئەو وتی، ئەمە گۆرانكارییەكی زۆر مەزنە و گۆڕانكاری زیاتریش بەڕێوەیە، چونكە لە یەك دوو ساڵی داهاتوودا تەنها مامەڵە لەگەڵ ئەو درۆنانە ناكەین كە لەلایەن مرۆڤەوە لە دورەوە هەڵدەدرێن و ئاراستە دەكرێن، بەڵكو لە داهاتوودا سیستەمی سەربەخۆی درۆنی دەبینین كە تەواو سەربەخۆن و پێویستییان بە مرۆڤ نابێت بۆ كاركردن.
وتیشی، لەو كاتەدا رووبەڕووی لێشاوی بەكۆمەڵی درۆنی هێرشبەر دەبینەوە، كە ئەمە شتێكە بەڕاستی هیچ چارەسەرێكمان بۆی نییە.
دەیڤد پیترایۆس پێی وابوو، سوپای ئۆكرانیا بەهۆی درۆنەكان توانیویەتی گورزی كەمەرشكێن لە هێزی هێرشبەری روسیا بدات و دەستكەوتە مەیدانییەكانیان بەتەواوەتی كەمبكاتەوە، بە ئەندازەیەك كە رەنگە ڤلادیمیر پوتینی سەرۆكی روسیا ناچار بكات لە چەند مانگی داهاتوودا سوپاكەی بكێشێتەوە.
ئەوەشیخستەڕوو، ئەم پێشهاتە و ئەزموونی ئەمەریكا لە ئۆپراسیۆنەكانی دژ بە ئێران و درۆنی شاهید، دەریدەخات كە سوپای ئەمەریكا دەبێت "گۆڕانكاری ریشەیی دامەزراوەیی" ئەنجام بدات كە لە ئاستی گۆڕانكارییەكاندا بێت.
وتیشی، پێویستە ئەمە ببێتە پاڵنەرێك بۆ گۆڕانكاری دامەزراوەیی راستەقینە لە ئەمریكا، گۆڕانكاری لە تەواوی بیرۆكەكانی شەڕ و ئۆپراسیۆن بكرێت و گۆڕانكارییەكانیش دەبێت ریشەیی بن، ئەمریكا سیستەمی فرۆكەی درۆن هەبێت و هاوتا بێت لەگەڵ ئەوەی ئۆكرانیا.