ئەمڕۆ ساتی شانازی و بەرزڕاگرتنی مێژوویەکی پرشنگدارە لە خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد کە بۆ یەکەمجار پێشمەرگەیەک، رابەری شۆڕشی نوێ، سەرۆک مام جەلال وەک یەکەمین کورد بووە سەرۆککۆماری عیراق و یەکەم سەرۆککۆماری هەڵبژێردراویش بوو کە لە پرۆسەیەکی دیموکراسی متمانەی بەدەستهێنا.
ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵگری میراتە دەوڵەمەند و بەنرخەکەی سەرۆک مام جەلالین و بەشوێن هەنگاوە سیاسییەکانیدا دەڕۆین و لەسەر هەمان ڕێباز کاردەکەین بۆ بونیاتنانی وڵاتێکی گەشاوەتر و پتەوکردنی برایەتی و چەسپاندنی ئاشتی زیاتر لە نێوان هەموو لایەنە جیاوازەکان.
لەم کاتەدا دووپاتی دەکەینەوە ئامادەین بۆ هاوکاریکردنی هەر کەس و لایەنێک کە باوەڕی بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن هەیە بە ئامانجی ئاشتی و پێکەوەیی و ئاوەدانی و خزمەتکردنی خەڵکە خۆشەویستەکەمان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان