حەوت فڕۆكەی هێڵی ئاسمانی عیراقی لە توركیا گیریان خواردووە

عیراق 11:46 AM - 2026/03/07

 بەهۆی جەنگی ئێرانەوە حەوت فڕۆكەی هێڵی ئاسمانی عیراقی لە توركیا گیریان خواردووە و رێگەی گەڕانەوەیان لێگیراوە.

عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو وەزیری گواستنەوە‌و ژێرخانی توركیا لەبارەی ئەو فڕۆكانەی هێڵی ئاسمانیی عیراقی كە لە توركیا گیریانخواردووە، رایگەیاند چوار فڕۆكە لە فڕۆكەخانەی ئیستانبوڵ، دوو فڕۆكە لە فڕۆكەخانەی داڵامان لە موغڵا و فڕۆكەیەك لە فڕۆكەخانەی ئەسەنبۆغا لە ئەنكەرەیە كە كۆی گشتییان دەكاتە حەوت فڕۆكە.

لەبارەی ژمارەی ئەو فڕۆكانەشی كە سەر بە كۆمپانیا توركییەكانن و لە ئێران و عیراق گیریانخواردووە، ئاشكرایكرد، فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانیی توركی و دوو فڕۆكەی پێگاسوس لە تاران و فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانیی تەیڵویند لە عیراق گیری خواردووە.
وتیشی، لە نزیكەوە چاودێری پەرەسەندنەكانی پەیوەست بە رێرەوە ئاسمانییەكان دەكەن كە بەهۆی شەڕی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل، كەوتوونەتە ژێر كاریگەرییەوە.

ئوراڵئۆغڵو لەبارەی ئاسمانی ناوچەكە، باسی لەوەكردووە، رێرەوی  ئاسمانیی هەریەك لە ئێران، ئیسرائیل، عیراق، قەتەڕ، بەحرەین، كوەیت و لە سوریاش جگە لە حەلەب بەداخراوی ماونەتەوە و بەشێك لە گەشتە ئاسمانییەكان لە عومان، ئوردن و سعودیە بەردەوامن و گەشتە ئاسمانییەكان لە ئیمارات بەشێوەیەكی كۆنترۆڵكراو و سنووردار ئەنجامدەدرێن.

بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا و ئیسرائیل، كەرتی فڕۆكەوانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی پەككەوتنێكی گەورە بووە، بە جۆرێك لە چەند رۆژی رابردوودا 25 هەزار گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێنراونەتەوە و گەشتی زیاتر لە چوار ملیۆن كەسیش پەكی كەوتووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو