بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ كەناڵی فۆكس نیوزی ئەمریكی، تیشكی خستەسەر ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی تاران، هەڵوێستی خۆشی لەسەر جەنگی ئێرانو ئەگەری گۆڕانكارییە سیاسییەكان راگەیاند.
سەرۆك بافڵ لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بە فۆكس نیوزی رایگەیاندووە، گفتوگۆكە زۆر ئارام و سەرنجڕاكێش بووە.
دۆناڵد ترەمپ كوردی وەك جەنگاوەری مەزن وەسفكردووە و سوپاسگوزاریی خۆی بۆ ئەو ساڵانە دەربڕیووە كە كورد لەگەڵ هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا خزمەتیان كردووە. سەرۆك بافڵ وتیشی، تێگەیشتنی بۆ قسەكانی ترەمپ ئەوە بووە كە پاراستنی خەڵك لە عیراقدا لە پێشینەی كارەكانیدایە.
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باسی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران كردو وتی، لێپرسراوانی تاران نائومێدییەكی زۆریان دەربڕیووە، چونكە پێیان وابووە گفتوگۆ دیپلۆماسییەكان بە باشی بەڕێوەدەچوون و بڕیار بوو گرووپێكی تەكنیكی كۆببنەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەرۆك بافڵی وتووە، ئەمە جەنگێك نەبووە ئەوان ویستبێتیان، بەڵام ئێستا وەك جەنگی مان و نەمان سەیری دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا كراوەن بۆ دانوستانی ئاشتییانە.
سەبارەت بە ئەگەری رووخانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران، سەرۆك بافڵ پێیوایە ئێستا گۆڕینی دەسەڵات ئەگەرێكی بەهێز نییە. ئاماژەی بەوەكردووە، حكومەتی ئێران 45 ساڵە پلان بۆ ئەم رۆژە دادەنێت، بۆیە پێشبینی بەرگرییەكی توند و ئۆپراسیۆنێكی درێژخایەن و قورس دەكرێت.
كاك بافڵ تەئكیدیشی كردووەتەوە، بارودۆخی ئێران جیاوازە لە عیراقی ساڵی 2003، چونكە لەو كاتەدا ئۆپۆزیسیۆنێكی ناسراو و رێزلێگیراو لەنێو كورد و شیعەدا دژی سەدام هەبوو، بەڵام ئێستای ئێران هیچ سیمبولێك نییە كە خەڵك لە دەوری كۆببنەوە. هەروەها گومانی هەبووە لەوەی ناردنی سەرباز بۆ سەر زەوی لە وڵاتێكی گەورەی وەك ئێران بژاردەیەكی دروست بێت.
لە وەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بە بەشداریی كوردانی رۆژهەڵات لە ئۆپراسیۆنەكاندا لە خاكی عیراقەوە، سەرۆك بافڵ وتی، هیچ ئۆپراسیۆنێكی چەكداریی سنووربڕ لە خاكی هەرێمی كوردستانەوە روونادات، جووڵەیەكی لەو شێوەیە زیانبەخشە، چونكە رەنگە ناسیۆنالیزمی ئێرانییەكان بوروژێنێت و خەڵك دژی بزووتنەوە جوداخوازییەكان یەكبخات، هاوكات توركیاش تووشی نیگەرانیی جدی دەكات. وتیشی، ئامانجی ئەمریكا تێكشكاندنی توانای مووشەكیی بالیستیو دڵنیابوونەوەیە لەوەی ئێران هەرگیز چەكی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت.
بەڵام ئیسرائیلییەكان زیاتر خوازیاری گۆڕینی دەسەڵاتنو دەیانەوێت سەركردەیەكی جیاواز بێتەسەر كار كە ئەمریكا و ئیسرائیل بتوانن كاری لەگەڵ بكەن. لە كۆتایی دیمانەكەدا، كاك بافڵ ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان پێویستە ببێتە پردێك بۆ چارەسەر نەك گۆڕەپانی جەنگ، كوردیش پێگەیەكی ناوازەی هەیە بۆ گێڕانی ڕۆڵی نێوەندگیریی وەك ئەوەی ڕەوانشاد سەرۆك مام جەلال دەیگێڕا.
هەروەها نیگەرانیی خۆی بۆ قەیرانی مرۆیی دەربڕی و داوای كرد كێشەكان بەبێ خوێنڕشتنو لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكرێن، چونكە تەنیا ئاشتیی بەردەوام، سەقامگیری بۆ ناوچەكە دەهێنێت.