دەوترێت سەرمایە ترسنۆكەو لە هەر شوێنێك جەنگو ململانێ هەبێت، ئەو شوێنە بەجێدەهێڵێت، ئێستا ئەمە لە شاری دوبەی ڕوویداوە كە یەكێكە لە ناوەندە ئابووریو بازرگانییە گرنگەكانی جیهان، بەهۆی جەنگەوە دەوڵەمەندەكان سامانەكانیان لەو شارە دەگوێزنەوەو پەنا بۆ ناوچە ئارامەكانی وەك سەنگاپوورە دەبەن.
بەپێی ئامارەكانی بانكی ناوەندی ئیمارات، كۆی گشتی سەروەت و سامانی كەرتی بانكی و دارایی وڵاتەكە گەیشتووەتە یەك ترلیۆنو 480 ملیار دۆلار.
بەڵام هێرشەكانی ئێران بۆ سەر شارەكانی دوبەی و ئەبوزەبی، گومانی گەورەی لای وەبەرهێنەران دروستكردووە و سەقامگیریی ئابووریی ئەو وڵاتەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە. ترسی جەنگ وایكردووە دەوڵەمەندەكانی ئاسیا كە پێشتر دوبەی-یان وەك ناوەندێكی ئارام دەبینی، ئێستا سامانەكانیان بەرەو سەنگاپورە و هۆنگ كۆنگ بگوازنەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز ئاشكرایكردووە، خاوەنكارە هیندییەكانی نیشتەجێی دوبەی هەوڵیانداوە بڕی زیاتر لە 100 هەزار دۆلار لە هەژمارە بانكییە ناوخۆییەكانیانەوە بگوازنەوە بۆ سەنگاپورە بۆ ئەوەی سامانەكانیان لە مەترسی بپارێزن.
ڕایان لین، پارێزەری سامانی تایبەت لە سەنگاپورە دەڵێت، تەنیا لەم هەفتەیەدا لە كۆی 20 دەوڵەمەندی نیشتەجێی دوبەی كە خاوەنی زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلارن، 7 كەسیان پەیوەندییان پێوەكردووە، لەو ژمارەیەش 3 كەسیان بڕیاریانداوە دەستبەجێ هەموو سەروەت و سامانەكانیان لە ئیماراتەوە بۆ سەنگاپورە بگوازنەوە.
شاری دوبەی بە چوارەم دەوڵەمەندترین شاری جیهان دادەنرێت لە ڕووی چڕبوونەوەی سامانەوە. ئەم شارە شوێنی نیشتەجێبوونی 28 ملیاردێر و زیاتر لە 86 هەزار ملیۆنێرە.
ئێستا ئەم ناوەندە ئابوورییە كە شوێنی سەرەكیی كەرتی خانووبەرە، بانك، لۆجستی و وزەیە، ڕووبەڕووی مەترسییەكی دارایی جددی بووەتەوە كە ڕەنگە كاریگەریی درێژخایەنی لەسەر داهاتووی شارەكە هەبێت.