مەڵبەندی یەكی رێكخستنی سلێمانی ڕاگەیەندراوێكی لە یادی ڕاپەڕیندا بڵاوكردەوە

کوردستان 01:39 PM - 2026/03/07

 مەڵبەندی یەكی رێكخستنی سلێمانی  لەیادی 35 ساڵەی راپەڕینە مەزنەكەی  سلێمانی دەڵێت، راپەڕین كە یەكێتی ئەندازیار‌و هەوێنی سەرخستنی بوو، دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بوو بۆ ئازادی و دیموكراسی، بۆ خۆشگوزەرانی و ئاوەدانكردنەوە.
راشیدەگەیەنێت، بەهۆی دۆخی ئێستای ناوچەكەوە ئەمساڵ هیچ جۆرە چالاكییەك ئەنجام نادرێت.

لە راگەیەندراوێكدا مەڵبەندی یەكی رێكخستنی سلێمانی باسلەوەدەكات، ئەمڕۆ، یادی رۆژێكی پڕ لە شكۆ و وەرچەرخانێكی مێژوویی دەكەنەوە، 35ساڵ لەمەوبەر شاری سلێمانی، شاری هەڵمەت و قوربانی، بە دەنگی (لە زمناكۆ وە بۆ ئازاد1760، برادەران ئاگادار بكەرەوە حەوتی مانگ زەماوەند بكەن)، بە ورەی بەرزی جەماوەر و ڕێكخستن و پێشمەرگە، كۆتاییان بە  مۆتەكەی داگیركەر هێنا، قەڵای ستەمی بەعسیان لەسلێمانی هەڵتەكاند و مژدەی ئازادییان بەخشی بە هەمووان.

ڕاپەڕین، كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەندازیار و هەوێنی سەرخستنی بوو، دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بوو بۆ ئازادی و دیموكراسی، بۆ خۆشگوزەرانی و ئاوەدانكردنەوە. هەر بۆیە لەم رۆژەدا تەئكید لەسەر خزمەتكردنی زیاتری هاوڵاتیان‌و پاراستنی یەكڕیزیی نیشتمانی‌و گەشەپێدانی پێگەی سیاسی و فەرهەنگیی سلێمانی دەكەنەوە. 

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بە دۆخی ئێستای ناوچەكە كراوەوە‌و تیایدا هاتووە، لە كاتێكدا یادی ئەم ڕاپەڕینە مەزنە دەكەینەوە، ناوچەكە بە دۆخێكی یەكجار هەستیار و ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت.

گرژی و ململانێی سەربازی، سێبەری نادڵنیایی باڵی بەسەر تەواوی ناوچەكەدا كێشاوە. بە ڕەچاوكردنی لایەنی ئەمنی و سەلامەتی گشتی و دووركەوتنەوە لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراو لەم دۆخە پڕ لە ئاڵۆزییەدا، ئەمساڵ هیچ جۆرە مەراسیم و كۆبونەوەیەكی جەماوەری ئەنجام نادەن، یادكردنەوەكە تەنها بە چالاكی ڕەمزی و میدیایی دەبێت.
                                        

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو