جەنگی ئێران گەشەی ئابووری چین 30 ساڵ بۆ دواوە دەگەڕێنێتەوە

عیراق 03:43 PM - 2026/03/07

دووەم گەورەترین ئابووری جیهان بەبێ ئەوەی هیچ مووشەكێكی بەربكەوێت، بووەتە قوربانیی یەكەمی جەنگی ئێران، داخستنی گەرووی هورمز داینەمۆی پیشەسازییەكانی چین رادەگرێت و گەشەی ئابووری ئەو وڵاتە بۆ ئاستی سێ دەیە پێش ئێستا دەگەڕێنێتەوە. 

داخستنی گەرووی هورمز، بە پلەی یەكەم زیانی بە چین گەیاندووە. ئامارەكان دەریدەخەن كە 76%ـی ئەو كەشتییانەی بە گەرووەكەدا تێدەپەڕن بەرەو چین دەڕۆن یان لە چینەوە بۆ وڵاتانی كەنداو دەژن، لە كاتێكدا پشكی ئەمریكا تەنیا 4% و یەكێتی ئەورووپاش 7% پێكدەهێنن.

ئابووری چین لەسەر بەرهەمە پیشەسازییەكان بونیادنراوە كە پێویستییەكی تەواوی بە وزە و نەوت هەیە. پەكین 45% بۆ 50%ی تەواوی ئەو نەوتەی هاوردەی دەكات، لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە دەستی دەكەوێت. بەمەش ڕاگرتنی جوڵەی بازرگانی لەو ڕێڕەوە ئاوییەدا، بەواتای بڕینی نیوەی سووتەمەنی كارگە زەبەلاحەكانی چین دێت. بەهۆی فشارەكانی ئەمریكاشەوە، ڕێگەكانی تری دەستڕاگەیشتن بە نەوت لەبەردەم چین بەرتەسك بوونەتەوە. 

پەكین بەهۆی سزاكانەوە ناتوانێت بە رەسمی  نەوتی روسیا و ڤەنزوێلا بكڕێت، جەنگی ئێرانیش كێشەی بۆ كڕینی نەوتی وڵاتانی كەنداو و ئێران دروستكردووە، تەنانەت ئەو كەشتییەیان پێشتر نەوتی ئێرانیان بۆ چین دەگواستەوە، ئێستا جووڵەی ئەو كەشتیانەش پەكیكەوتووە.
پەككەوتنی دابینكردنی وزە، گەشەی ساڵانەی ئابووری چینی بۆ نزیكەی سەدا 5 دابەزاندووە. ئەم ڕێژەیە هەمان ئەو ئاستەیە كە وڵاتەكە لە ساڵی 1991دا ئەزموونی كردووە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە جەنگی ئێران گەشەی ئابووری چین دەگەڕێنێتەوە بۆ زیاتر لە 34 ساڵ بەر لە ئێستا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو