بە درۆن هێرشكرایە سەر فیرقەی 11ی پێشمەرگە لە دێگەڵە

کوردستان 11:07 AM - 2026/03/02

شەوی رابردوو بارەگای فیرقەی 11ی وەزارەتی پێشمەرگە لە دێگەڵە بە درۆنی بۆمبڕێژكراو كرایە ئامانج.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە،ئێوارەی ڕۆژی 1ـی ئاداری 2026، بارەگای فیرقەی 11ـی هێزەكانی پێشمەرگە لە سنووری شارۆچكەی دێگەڵە كراوەتە ئامانج. هێرشەكە لە ڕێگەی درۆنێكی بۆمبڕێژكراوەوە ئەنجامدراوە و زیانی بە ناوچەكە  گەیاندووە.
وەزارەتی پێشمەرگە ئەم پەلامارەی بە كردەوەیەكی تێكدەرانە وەسف كردووە و رایگەیاندووە، مەبەست لێی زیاتر ئاڵۆزكردنی دۆخی ئەمنی و نانەوەی پشێوییە لە ناوچەكەدا،لە كاتێكدا گرژییە سەربازییەكان لە عیراق و ناوچەكە بەهۆی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریكا گەیشتوونەتە ئاستێكی باڵا.

وەزارەتی پێشمەرگە داوای لە سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە وەك فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، سنوورێك بۆ ئەم هێرش  و كردەوە نایاساییانە دابنێت.

هەروەها تەئكید دەكاتەوە لەوەی پێویستە لێپرسراوانی پشت ئەم هێرشانە بدۆزرێنەوە و رووبەڕووی یاسا بكرێنەوە.لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا، وەزارەتی پێشمەرگە هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەكات و دەڵێت، بەردەوامبوونی ئەم جۆرە كردەوە تیرۆریستییانە بێ وەڵام نابێت. ئەمە وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی كە هێزەكانی پێشمەرگە مافی بەرگری خۆیان دەپارێزن لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هێرشەكان بۆ سەر بارەگاكانیان.
ئەمەش لە كاتێكدایە هەر دوێنێ‌ وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێكدا ئەو دەنگۆیانە رەتكردەوە  كە لە كەناڵی یەكی عیراقی  بڵاوكرابۆیەوە و باسی لە هێرشكردنە سەر لیوای 50ـی حەشدی شەعبی لە پارێزگای نەینەوا  دەكرد لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە، وەزارەتەكە تەئكیدی كردەوە لەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لەم بارودۆخەدا هاوشان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی تری عیراق، ئەركی پاراستنی ئاسایشی عیراق و هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكەن و بە هیچ شێوەیەك بەشداریی هیچ ئۆپراسیۆنێكی لەو جۆرەیان نەكردووە.






بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو