بەهۆی گرژی و ئالۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ،نرخی زێڕ لە یەكەم ساتی كردنەوەی بازاڕەكانی ئاسیا، بە بەرزبوونەوە دەستیپێكرد و
هەر ئۆنسەیەكی بەرزبووەوە بۆ پێنج هەزار و 393 دۆلار.
هاوتەریب لەگەڵ بۆرسەی جیهانی، لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانیش نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بەپێی دوایین مامەڵەكان، نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە یەك ملیۆن و 173 هەزار دیناری تێپەڕاندووە.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دوای هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دێت كە وەبەرهێنەر و بازرگانانی هانداوە وەك پەناگەیەكی ئارام و خۆپاراستن لە نادڵنیاییەكانی بازاڕ، روو لە كڕینی بكەن.
لەوبارەیەوە كایل رۆدا، شرۆڤەكاری سەر بە كۆمپانیای راوێژكاری (كاپیتاڵ دۆت كۆم) رایگەیاند، بە پێچەوانەی شەڕەكانی پێشتر، شەڕی ئەم جارە ئەگەری هەیە لەلایەن دوو بەرەكەی شەڕ درێژە بكێشێت و زیاتر لە چەند رۆژ بخایەنێت.ئەو شرۆڤەكارە پێیوایە تەشەنەكردنی شەڕەكە، ئابووریی جیهان و بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكاتە ئامانج و بەرزبوونەوەی ئاستی هێرشەكان و توندبوونەوەی، بە قازانجی نرخی زێڕ شكاوەتەوە.
هەفتەی رابردوو، بانكی جەی پی مۆرگن و بانكی ئەمریكا رایانگەیاند، نرخی یەك ئۆنسە زێڕ تا شەش هەزار دۆلاریش دەتوانێت بەرزبێتەوە.بەپێی ئەو دوو دامەزراوە گەورەیە، نرخی یەك ئۆنسە زێڕ دەتوانێت كۆتایی ئەم ساڵ بگاتە شەش هەزار و 300 دۆلار.