سودانی فەرمان بە هێزە ئەمنییەكان دەكات رێگری لە تێوەگلانی عیراق بكەن لە جەنگ

عیراق 03:23 PM - 2026/03/02

سەرۆك وەزیرانی عیراق فەرمان بە هێزە ئەمنییەكان دەكات، رێگری لە هەر كارێك بكەن كە ئاسایشی وڵات تێكبدات.
محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، ئەمڕۆ سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا، سودانی فەرمانی دا بە دەزگا ئەمنییەكان كە رووبەڕووی هەر هەوڵێك ببنەوە كە بیەوێت ئاسایش و سەقامگیریی وڵات تێكبدات، و رێگە بە هیچ لایەنێك نەدرێت عیراق پەلكێشی ناو ئەو ململانێیانە بكات كە لە ناوچەكەدا دەگوزەرێن.

ئەنجومەنەكە تەئكیدی كردەوە كە لەپاڵ پاراستنی مافی دەربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتیانە، حكومەت بە هیچ شێوەیەك رێگە نادات هێرش بكرێتە سەر نێردە دیبلۆماسییەكان و دامەزراوە هەستیارەكان، و بڕیاری جەنگ و ئاشتی و جوڵەی سەربازیش تەنیا لە دەسەڵاتی دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەكانیدایە و رێگە نادەن خاكی عیراق بۆ هیچ ململانێیەكی دەرەكی بەكاربهێنرێت.لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، مەترسییە ئابوورییەكانی بەردەوامی و فراوانبوونی جەنگەكە لە ناوچەكەدا تاوتوێ كرا.

بۆ ئەم مەبەستەش، هەریەك لە وەزیری نەوت (كە هاوكات بە وەكالەت وەزیری كارەبایە) و وەزیری بازرگانی بانگهێشت كران و راپۆرتێكی گشتگیریان لەسەر دۆخی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی، وزە و ئاسایشی خۆراك خستەڕوو، بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێكەوتەكانی ئەم جەنگە لەسەر عیراق.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو