هێرشكرایە سەر ناوچەیەكی نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر

کوردستان 11:33 AM - 2026/03/01

 بنكەیەكی سەربازیی ئەمریكا لەنزیك فڕۆكەخانەی شاری هەولێر كرایە ئامانج و گروپێكی چەكداری عیراقیش بەرپرسیاریەتی هێرشەكەی گرتە ئەستۆ.

هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوامە و لەبەرامبەردا ئێران هێرشی پێچەوانەی بۆ چەندین ناوچەی ئیسرائیل و بنكەی سەربازی ئەمریكا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدا، بێگومان لەم نێوەندەشدا هەرێمی كوردستان بێبەش نەبوو لەم هێرشانە و هێرش كرایە سەر ناوچەیەكی نزیك لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، كەبنكەی سەربازی هێزەكانی هاوپەیمانان بووە. 
دوای هێرشەكە لەراگەیەندراوێكی گرووپی (سەرایا ئەولیا دەم) كە خۆیان وەك بەشێك لەموقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق دەناسێنن، بەرپرسیاریەتی خۆیان لەهێرشەكە راگەیاند، وەك پشتیوانییەك بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر ئەمریكا و ئیسرائیل هەروەها بۆ بەرگریكردن لە سەروەریی عیراق،بەپێی دەقی راگەیێندراوەكە، هێرشەكە لەرێگەی ژمارەیەك درۆن ئەنجامدراوە و بنكە ئەمریكییەكانی لەهەولێر كردووەتە ئامانج.

هاوكات هەرێمی كوردستان و هێزەكانی هاوپەیمانان هیچ روونكردنەوەیەكیان لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەكانی ئەو هێرشە یان راستی و دروستیی بانگەشەی ئەو گرووپە بڵاونەكردووەتەوە.

سەرایا ئەولیا دەم، یەكێكە لەو گرووپە چەكدارانەی دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە ساڵی 2020 دەركەوت.

یەكەمجار نییە ئەم گرووپە هێرش بكاتە سەر هەرێمی كوردستان، رۆژی 15ی شوباتی 2021ی هێرشێكی تری مووشەكیی سەر شاری هەولێری گرتە ئەستۆ، كە تێیدا بەڵێندەرێكی سڤیل كوژرا و سەربازێكی ئەمریكی و چەند كەسێكی دیكە برینداربوون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو