سوپای پاسدارانی ئێران، دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی هێرشە چەكدارییەكانی بۆ سەر ئامانجە سەربازییەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا رادەگەیەنێت.
لەراگەیەندراوی سوپای پاسداراندا هاتووە، لەرێگەی شەپۆلێكی چڕی موشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە، ناوچە جیاوازەكانی ناو خاكی ئیسرائیل و بنكە سەربازییەكانی ئەمریكای لەناوچەكەدا كردووەتە ئامانج، دەشڵێت ئامانجەكانكمان بە تەواوەتی پێكاوە، لەوانەش 27 بنكەی سەربازی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ بنكەی ئاسمانی "تەل نوف" و بارەگای سەركردایەتی گشتی سوپای ئیسرائیل لە "هاكاریا"، هەروەها كۆمەڵگەی پیشەسازی بەرگری لە تەل ئەبیب یەكێكی تر بووە لە ئامانجە سەرەكییەكان.
سوپای پاسداران تەئكید دەكاتەوە، هێزە چەكدارەكانی ئێران رێگە نادەن دەنگی زەنگی مەترسی لە ناوچەكەدا بوەستێت و هەڕەشەی ئەنجامدانی تۆڵەسەندنەوە، بەشێوەی یەك لە دوای یەك و توندتر بەردەوام دەبن تا بەدیهێنانی ئامانجەكانیان.