ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ تاوتوێی ئاڵنگارییە ئەمنییەكان كۆدەبێتەوە

عیراق 10:27 AM - 2026/03/01

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا ، ئەمشەو كۆبوونەوەیەكی تایبەت ئەنجام بدات بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەكانی عیراق و ناوچەكە، كە دوای ئۆپراسیۆنی (نەڕەی شێر) و كوژرانی ڕێبەری باڵای ئێران هاتوونەتە ئاراوە.
دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە  سەعات نۆی شەو بەڕێوەبچێت.
تەوەری سەرەكی و یەكەمی كۆبوونەوەكە تایبەتە بە تاوتوێكردنی دوایین ئاڵنگارییە ئەمنییەكانی عیراق و ناوچەكە، ئەمەش لە ژێر تیشكی ئەو گرژییە سەربازییانەی كە لە چەند سەعاتی  ڕابردوودا پەرەیان سەندووە.
جگە لە تەوەری ئەمنی، پەرلەمان لە بڕگەی دووەمی دانیشتنەكەیدا دەنگ لەسەر ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەدات. لە تەوەری سێیەم و كۆتاییشدا، پەرلەمانتاران گفتوگۆ لەسەر كۆمەڵێك پرسی گشتی دەكەن كە پەیوەندیدارن بە دۆخی ئێستای وڵات و پێویستییان بە هەماهەنگیی نێوان لایەنەكان هەیە.

ئەم دانیشتنەی پەرلەمان دوای  ئەوە دێت كە ڕۆژی شەممە 28ـی شوباتی 2026، ئەمریكا و ئیسرائیل ئۆپراسیۆنێكی هاوبەشیان بە ناوی (نەڕەی شێر) ئەنجامدا.

لەم ئۆپراسیۆنەدا لە ڕێگەی ئاسمان و دەریاوە، چەندین ئامانجی سەربازی، ئەمنی و حكومی لە زۆربەی ناوچەكانی ئێران بۆردومان كران و تارانیش بەرەسمی كوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای وڵاتەكەی پشتڕاستكردەوە. هاوكات لەگەڵ ڕێبەردا، هەریەكە لە عەلی شەمخانی، ڕاوێژكاری باڵای خامنەیی و محەمەد پاكبوور، فەرماندەی گشتیی هێزی وشكانیی سوپای پاسداران كوژراون و ناویان لە لیستی قوربانییەكانی هێرشە ئاسمانییەكاندا هاتووە.



بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو