لە ناوچەی جەلەبی سەر بە كۆبانێ بازگەی هاوبەش لەنێوان هەسەدە و حكومەتی سوریا جێگیركرا، چاوەڕوان دەكرێت گەمارۆكانی سەر كۆبانیش هەڵبگیرێت.
لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی 29ی كانوونی دووەمی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و حكومەتی كاتی سوریا، لە ناوچەی جەلەبی سەر بە كۆبانی بازگەی هاوبەش دانراوە، ئەو هەنگاوەش بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و تەواوكردنی پڕۆسەی یەكگرتنی هێزە ئەمنییەكانە، ئێستاش هێزی هاوبەشی ئاسایش و هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆی سوریا، ئەركی پاراستنی ناوچەكەیان گرتوەتە ئەستۆ.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان، پەیوەندییەكانی نێوان هەسەدە و دیمەشق بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەكە، چووەتە قۆناغێكی نوێوە، بڕیارە ئەم هەفتەیە گەمارۆی سەر كۆبانێ هەڵبگیرێت و رێگاكان بە تەواوی بكرێنەوە.
شاری كۆبانی لە 20ی كانونی دووەمی ئەمساڵەوە خراوەتە ژێر گەمارۆوە، كە لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حكومەتی كاتی سوریاوە بەسەریاندا سەپێنراوە. رێگاكانی چوونە ناو شارەكە داخراون، هەروەها رێگری لە چوونە ژوورەوەی خۆراكو پێداویستییە پزیشكییەكان دەكرێت.
ئەمەش راستەوخۆ كاریگەری لەسەر كەرتی تەندروستی دروستكردووە، چونكە نەخۆشخانەكان بە كەمترین توانا كاردەكەن، بەهۆی كەمی دەرمان بەتایبەتی دەرمان بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەكان و حاڵەتە فریاگوزارییەكان، ئەمە جگە لە كەمبوونەوەی پێداویستییە پزیشكییەكان.
ئەمەش بووەتە هۆی تێكچوونی باری ژیانی زیاتر لە 600هەزار هاوڵاتی شارەكە و گوندەكانی دەوروبەری.