ئیسرائیل هێرشەكانی بۆ سەر ئێران دەستپێكرد

عیراق 10:11 AM - 2026/02/28

ئیسرائیل هێرشی پێشوەختەی بۆ سەر ئێران دەستپێكردوو دەڵێت، هێرشەكە بە هەماهەنگی ئەمریكا چەند مانگێك پێش ئێستا پلانی بۆ دانراوە.

سرائیل كاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل باری نائاسایی دەستبەجێی لە سەرانسەری وڵاتدا راگەیاندو ئاماژەی بەوەكرد،ئیسرائیل هێرشی پێشوەختەی لە دژی ئێران دەستپێكردووە بۆ لابردنی هەر هەڕەشەیەك كە رووبەڕووی دەبێتەوە.
هاوكات میدیاكانی ئیسرائیلیش دەڵێن، هێرشەكە بە هاوبەشی نێوان تەلئەبیب و واشنتۆن ئەنجامدراوە و چەند مانگێك پێش ئێستا پلانیان بۆ داناوە.لە ناوچەكانی ناو ئیسرائیلیشدا زەنگی ئاگاداركەرەوە لێدراو لە پەیامێكی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە، بەهۆی دۆخی ئەمنی، پێویستە خەڵكی  پەناگەی سەلامەت لە نزیك ماڵەكانیان بدۆزنەوە و خۆیان لە گەشتە ناپێویستەكان بەدوور بگرن، ئامانجی هۆشداری پێشوەختەش ئامادەكردنی خەڵكە بۆ ئەگەری هەڵدانی مووشەك بەرەو خاكەكەیان.هەروەها سوپای ئیسرائیل داخستنی خوێندنگاكانی لە سەرانسەری وڵاتەكەی راگەیاند و  هۆشداریشیدا بە دانیشتووانی وڵاتەكەی كە لە ماڵەوە كار بكەن و كۆبوونەوەی گشتی قەدەغە كرد و ئاسمانی وڵاتەكەشی بە تەواوی داخست .

هاوكات میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە كە دەنگی چەند تەقینەوەیەك  لە ناوەڕاستی تاران بیستراون و سوپای پاسدارانیش دەڵێت، 30 شوێن لە سەرانسەری ئێران بۆردوومانكراون .

هاوكات باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە قەتەر ئاگاداری كارمەندانی كردەوە لە ماڵەكانیان بمێننەوە لە پێناو سەلامەتی خۆیان نەچنە دەرەوە ،هاوكات  حكومەتی كەنەداش داوای لە هاووڵاتیانی خۆی لە ئێران و ئیسرائیل كرد بە زووترین كات ئەو ناوچانە  چۆڵبكەن و بچنە پەناگەیەكی سەلامەت.
ئەمەش لە كاتێكدایە لە 19 ی ئەم مانگەدا ترەمپ  رایگەیاندبوو ، تەنها 10 رۆژ لەبەردەم تاراندا ماوە بۆ یەكلاییكردنەوەی دۆسییەی ئەتۆمی و ناوچەیی، ئەگەرنا واشنتۆن بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەنجامدانی هێرشی سەربازی دەدات، بەڵام رۆژی هەینی ترەمپ رایگەیاند، هەرچەندە دڵخۆش نییە بەرامبەر بە مامەڵەی ئێران لە دانوستانەكان و ڕازی نەبوونیان بە جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان، بەڵام تا ئێستا بڕیاری هێرشكردنی بۆ سەر ئێرانی نەداوە و چاوەڕوان دەكرێت گفتوگۆی زیاتر بكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو