سەرۆكی كۆریای باكوور، كە بەوە ناسراوە حەزی لە چەكو تاقیكردنەوەی مووشەكە بالیستییەكانە، نوێترین جۆری چەكی نیشانەشكێنی بەخشی بە فەرماندە و لێپرسراوانی باڵای وڵاتەكەی.
كیم جۆنگ ئون سەرۆكی كۆریای باكوور، لەدوای كۆتاییهاتنی كۆنگرەی هەفتانەی پارتی كرێكارانی دەسەڵاتدار، كۆمەڵێك چەكی نیشانەشكێن یان (قەناس)ی پێشكەش بە ژمارەیەك لە لێپرسراوانی باڵای حكومیو سەربازیی كۆریا كرد.
كیم جۆنگ ئون، ئەم دیارییانەی وەك هێمایەك بۆ متمانەی رەها و پێزانین بۆ ماندووبوونی ئەو لێپرسراوانە لە پێنج ساڵی رابردوودا بەخشیووە پێیان.
هەروەها میدیاكانی كۆریای باكوور، وێنەی كچە هەرزەكارەكەی كیم جۆنگ ئونیان بڵاوكردەوەتەوە، كە چاكەتێكی چەرمیی هاوشێوەی باوكی پۆشیووەو لە مەیدانی راهێناندا سەرقاڵی تەقەكردنە، ئەمەش جارێكی تر دەنگۆكانی سەبارەت بە ئامادەكردنی ئەو كچە وەك سەرۆكی داهاتووی وڵات گەرم كردووەتەوە.