چوارچێوەی هەماهەنگی: دوای جەژن كابینەی حكومەت تەواو دەكرێت

عیراق 10:33 AM - 2026/05/21

چوارچێوەی هەماهەنگیی لە كۆبوونەوەیەكی بەپەلەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی و پێشهاتەكانی قۆناغی داهاتووی عیراقی كرد و بڕیاریدا دوای جەژنی قوربان دەست بە تەواوكردنی كابینەی نوێی حكومەت بكرێت.
بەپێی راگەیەنراوێكی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان، كۆبوونەوەیەكی گرنگ و بەپەلە بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق لە نووسینگەی هادی عامری بەڕێوەچووە. لە كۆبوونەوەكەدا، ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی  پیرۆزباییان لە سەرۆك وەزیران كردووە بەبۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی ئەنجومەنی نوێنەران و هیوای سەركەوتنیان بۆ خواست لە راپەڕاندنی ئەركەكانیدا. هاوكات، ستایشی هەوڵەكانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی پێشوو-یان كرد، بەتایبەت هەوڵەكانی لەبواری پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان.
لەبارەی هەنگاوەكانی داهاتووی حكومەتی عیراق، چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاریدا دوای پشووی جەژن، لەسەر بنەمای تێگەیشتنی نیشتمانی و بەپێی رێكارە دەستوورییەكان، دەست بە تەواوكردنی كابینەی حكومەت بكرێت.
لەبارەی كاروباری ئەمنی و هەرێمی،  چوارچێوەی هەماهەنگی دووبارە رەتكردنەوەی خۆی بۆ هەر هێرش و دەستدرێژییەك كە وڵاتانی دراوسێ یان وڵاتانی عەرەبی بكاتە ئامانج دووپاتكردەوە و تەئكیدی لەپێویستی رێزگرتن لە سەروەری وڵاتان كردەوە. هاوكات داوای لە دەزگا ئەمنییەكان كرد لێكۆڵینەوەكان تەواو بكەن و رێكاری پێویست بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی عیراق بگرنەبەر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو