لیستی مووچەی مانگی 5 تەسلیمی بەغداد دەكرێت

کوردستان 10:31 AM - 2026/05/21

ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی پێنج و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە تەسلیمی بەغداد دەكرێت، مووچەخۆرانیش چاوەڕوانی ئەوەن هەرێم هەوڵێك بدات و پێش جەژن داهاتی نانەوتی بنێرێت بۆ ئەوەی وەك مووچەخۆرانی عیراق مووچەكانیان وەربگرن.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسان لەلایەن تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستانەوە تەسلیمی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عیراق دەكرێت.                                
لە راگەیەندراوەكەی وەزارتی داراییدا هاتووە، سەبارەت بەدیاریكردنی داهاتی نانەوتی بۆ مانگی ئایار و ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ، لە ڕووی ژمێریاریەوە ئەو بابەتە پەیوەستە بە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەو تاكۆتایی مانگی ئایار و ناردنی سەرجەم داتاكان لە یەكە ژمێریارییەكانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ژمێركاری بەدیار ناكەوێت داهاتی مانگی ئایار چەندەو چەندەش پشكی حكومەتی فیدڕاڵە.
رۆژی 20ی ئایاری 2026، وەزیری دارایی عیراق لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپارد، رۆژانی هەینی‌و شەممە دەوام بكەن بۆ ئەوەی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران پێش جەژنی قوربان دابەشبكرێت. مووچە خۆرانی هەرێمی كوردستانیش چاوەڕوانن حكومەتی هەرێم هەوڵێك بدات و داهاتی نانەوتی تەسلیمی بەغداد بكات، بۆ ئەوەی وەك مووچەخۆرانی عیراق مووچەی مانگی پێنج وەربگرن، بەڵام وەزیری دارایی هەرێم لە دوایین  لێدوانیدا دەڵێت، چاوەڕوانین مانگ تەواو بێت و بزانین داهاتمان چەندە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو