پاسێكی گەشتیاری لە روسیا ژێرئاوكەوتو حەوت كەس گیانیان لەدەستدا بەهۆی ژێرئاوكەوتنی پاسێك لە دەریاچەیەكی بەستووی روسیا، حەوت گەشتیاری چینی گیانیان لەدەستدا.
وەزارەتی باری نائاسایی روسیا رایگەیاند، لەكاتی رۆشتنی پاسێكی گەشتیاری بە سەر سەهۆڵی دەریاچەی بایكاڵی روسیا لە سیبیریا، كەوتۆتە ناو درزێكی سەهۆڵ كە پانییەكەی سێ مەتر بووە، لە ئەنجامدا پاسەكە نوقم بووە و بەهۆیەوە حەوت گەشتیار گیانیان لەدەستداوە.
تیمەكانی فریاگوزاری بە بەكارهێنانی كامێرای ژێرئاو پشكنینیان ئەنجامداوەو تەرمی حەوت كەسیان دۆزیوەتەوە، هەرچەندە رەگەزنامەی قوربانییەكان بە روونی باس نەكراوە، بەڵام سەرجەمیان هاووڵاتی بیانین و دەسەڵاتدارانی روسیا كونسوڵخانەی گشتی چینیان لە رووداوەكە ئاگاداركردووەتەوە.
دەریاچەی بایكاڵی روسیا، قووڵترین دەریاچەی جیهانە و شوێنێكی گەورەی گەشتیارییە لە سیبیریاو ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیارانی چین سەردانی دەكەن.