ئەمریكا باڵیۆزخانە لە دیمەشق دەكاتەوە

عیراق 12:11 PM - 2026/02/21

ئیدارەی ترەمپ، كۆنگرێسی ئاگادار كردووەتەوە كە دەستی بە پلانەكانی كردووە بۆ كردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە دیمەشقی پایتەختی سوریا.

 ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس ئاشكرایكردووە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لیژنەكانی كۆنگرێسی ئاگاداركردووەتەوە، كە واشنتۆن بەنیازە پلانێكی قۆناغبەندی بۆ ئەگەری دەستپێكردنەوەی كارەكانی باڵیۆزخانەكەی لە سوریا جێبەجێ بكات. 

ئاگاداركردنەوەكە لە 10ـی شوبات نێردراوە و تێیدا ئاماژە بەوە كراوە، بودجەی تایبەت بەم پلانە خەرج دەكرێت، هەرچەندە تا ئێستا كاتێكی دیاریكراو بۆ تەواوبوونی كارەكان یان گەڕانەوەی دیبلۆماتە ئەمریكییەكان بۆ دیمەشق دیاری نەكراوە.

 ئەم هەنگاوەی واشنتۆن دوای ئەوە دێت كە لە كانوونی یەكەمی 2024 بەشار ئەسەد لە دەسەڵات لادرا. تۆم باراك، باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیا و نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ سوریا، یەكێك بووە لە پاڵپشتیكارە سەرەكییەكانی نزیكبوونەوە لەگەڵ سەركردایەتییە نوێیەكەی سوریا بە سەرۆكایەتی ئەحمەد شەرع. تۆم باراك لە ئایاری رابردوودا سەردانی دیمەشقی كرد و ئاڵای ئەمریكای لەسەر باڵەخانەی باڵیۆزخانەكە بەرزكردەوە.


بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو