قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بۆ رۆژی جیهانی زمانی دایك بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد،لە رۆژی جیهانیی زمانی دایكدا، پیرۆزبایی لە هەموو ئەو نووسەر و شاعیر و خەباتكارانە دەكەین، كە دەیان ساڵە سینە و زاریان كردووەتە قەڵغان لە پێناو پاراستنی زمانی كوردیدا، وەك سەربازی ون؛ ڕەنج و تاڵی و مەینەتیی زۆریان بۆ زمانەكەمان چەشتووە.
لەمڕۆدا لەگەڵ پارێزەرانی زمان، ئاواتمانە هەموو منداڵانی كورد ئەو مافە سەرەتاییەیان بۆ بەدی بێت، كە پەروەردەكردن و فێركردنە بە زمانی شیرینی كوردی.
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا، ئەركی ئێمە لە زمان پاراستنەوە گۆڕاوە بۆ گەشەپێدانی زمانی كوردی. دەبێت حكومەت و ناوەندە زانستییەكان، بەپێی پلان و چنینێكی هاودەنگ، كار بكەن، تا زمانی كوردی لەگەڵ گۆڕانكاری و پێشكەوتنە زانستی و بەجیهانیبوونەكاندا، برەو بسەنێت، بۆ ئەوەی نەك لە مەترسیی پەراوێزكەوتن و پاشكۆبوون ڕزگاری بكەین، بەڵكو شانبەشانی زمانە زیندووەكانی جیهان، وەك چۆن ڕەگدارە، وەهاش پایەدار و بەكار بێت.