راپۆرتی كۆمسیۆنی پڕۆسەی ئاشتی لە ماڵپەڕی پەرلەمانی توركیا بڵاوكرایەوە

عیراق 10:40 AM - 2026/02/21

راپۆرتی هاوبەشی كۆمسیۆنی یەكڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموكراسی، كە لە 21هەمین كۆبوونەوەی كۆمسیۆنەكەدا لە رۆژی 18ی شوبات پەسەندكرا، بە شێوەیەكی رەسمی  لە ماڵپەڕی پەرلەمانی توركیا بڵاوكرایەوە. 

راپۆرتەكە لە حەوت بەشی سەرەكی پێكدێت كە بریتین لە: كارەكانی لیژنە، ئامانجە سەرەكییەكانی لیژنە، رەگە مێژووییەكانی برایەتیی تورك و كورد و یاسای برایەتی، خاڵە هاوبەشەكانی ئەو كەسانەی لە لیژنەكە گوێیان لێگیراوە، هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و چەكدانان، پێشنیاری یاسایی بۆ پڕۆسەكە و پێشنیارەكان بۆ دیموكراسی. 

لە بەشی ئەنجامی راپۆرتەكەدا هاتووە، بۆ بونیادنانی توركیایەكی دیموكراسی و فرەڕەنگ، تێگەیشتنێك كە راستییەكان پشتگوێ نەخات، هەستەكان نكۆڵیان لێنەكرێ و سیاسەت بوێریی بەرهەمهێنانی چارەسەری هەبێت، گرنگییەكی زۆری هەیە. هەروەها ئاماژە بەوە كراوە  توركیا لەسەر بنەمای ئاشتی، یەكپارچەیی، دیموكراسی و برایەتی بەهێزتر دەبێت. 

 لە راپۆرتەكەدا باس لەوەشكراوە، لە قۆناغی داهاتوودا شەفافییەتی رێكخستنە كارگێڕی و یاساییەكان، گشتگیریی هەنگاوەكانی پێكەوەژیانی كۆمەڵایەتی و بەردەوامیی چاودێریی پەرلەمان، رۆڵی یەكلاكەرەوەیان دەبێت.
 راپۆرتە هاوبەشەكە رۆژی 18ی شوبات  بە زۆرینەی دەنگ پەسند كرا. لە دەنگدانەكەدا 47 ئەندام دەنگی بەڵێ، 2 ئەندام دەنگی نەخێر و 1 ئەندامیش دەنگی بێلایەنی دا.


بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو