سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیرۆزبایی لە ئەمریکا و ئێران دەکات بەبۆنەی گەیشتنیان بە ڕێککەوتنێکی مێژوویی و جەخت لەسەر پشتگیریی بەردەوامی حزبەکەی بۆ هەر هەوڵێک دەکاتەوە کە خزمەت بە ئاشتی و دیالۆگ لە ناوچەکەدا بکات.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: "پیرۆزبایی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین بەبۆنەی ئەم رێککەوتنە مێژووییەوە. هیوادارین ببێتە مایەی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا."
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بە گرنگیی ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییە کرد و ڕایگەیاند: "ئەم رێککەوتنە هەنگاوێکی ئەرێنییە بەرەو کەمکردنەوەی گرژییەکان و برەودان بە سەقامگیری لە ناوچەکەماندا. هەر لە سەرەتاوە، ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پشتیوانیمان لە هەموو ئەو هەوڵانە کردووە کە دەبنە هۆی ئاشتی و دیالۆگ و هەماهەنگی و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین لەسەر ئەم هەڵوێستەمان."