ئەمڕۆ دوو شەممە، یەكەم كەشتی هەڵگری گازی سروشتی بە گەروی هورمزدا تێپەڕی، لەوبارەیەوە ئاژانسەكانی هەواڵ رایانگەیاند،داتاكانی شوێنكەوتنی كەشتییەكان دەریانخست كەشتییەكی گازی سروشتیی شل كە لەلایەن كۆمپانیای پێترۆنێتی هیندییەوە بەكرێگیراوە، بە گەرووی هورمزدا تێپەڕی و بەرەو رۆژهەڵات بەڕێكەوت.
هاوكات بەگوێرەی زانیارییەكانی كۆمپانیاكانی كێپلەر و گرووپی بۆرسەكانی لەندەن، كەشتی دیشا باری گازی لە بەندەری رەئس لەفانی قەتەرەوە هەڵگرتووە، لە رۆژانی یەك و دووی ئاداردا باركراوە و لەو كاتەوە لە رۆژئاوای گەرووەكە وەستابوو.
سەرچاوە ئاگادارەكان ئاماژە بەوە دەكەن، باری كەشتییەكە بۆ وێستگەی داهیج لە هیندستان دەگوازرێتەوە.
ئەم كەشتییە دەبێتە یەكێك لە یەكەمین كەشتییە بازرگانییە گەورەكان كە دوای راگەیاندنی نزیكبوونەوەی رێككەوتنەكەی نێوان واشنتن و تاران بەم رێڕەوەدا تێدەپەڕێت، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ گەڕانەوەی قۆناغ بە قۆناغی هاتوچۆی بازرگانی بۆ گەرووی هورمز دادەنرێت، كە یەكێكە لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەكانی وزە لە جیهاندا.