گرووپە چەكدارەكانی سوریا، لە 20ی مانگی یەكەوە بەردەوامن لە سەپاندنی گەمارۆیەكی هەمەلایەنە بەسەر شاری كۆبانێ لە ڕۆژئاوای كوردستان، ئەمەش بووەتە هۆی كەمبوونەوەی خۆراك و دەرمان و شیری منداڵان و كەمبوونەوەی خزمەتگوزارییەكانی كارەبا و ئاو.
شاری كۆبانی لە 20ی كانونی دووەمی ئەمساڵەوە خراوەتە ژێر گەمارۆوە، كە لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حكومەتی سوریاوە بەسەریاندا سەپێنراوە. رێگاكانی چوونە ناو شارەكە داخراون، هەروەها رێگری لە چوونە ژوورەوەی خۆراك و پێداویستییە پزیشكییەكان دەكرێت.
ئەمەش راستەوخۆ كاریگەری لەسەر كەرتی تەندروستی دروستكردووە، چونكە نەخۆشخانەكان بە كەمترین توانا كاردەكەن بەهۆی كەمی دەرمان بەتایبەتی دەرمان بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەكان و حاڵەتە فریاگوزارییەكان، ئەمە جگە لە دابەزینی بەرچاوی پێداویستییە پزیشكییەكان.
ئەمەش بووەتە هۆی تێكچوونی باری ژیانی زیاتر لە 600 هەزار هاوڵاتی شارەكە و گوندەكانی دەوروبەریو ئاوارەكان، گەمارۆدانەكە بووەتە هۆی كەمبوونەوەی شیری منداڵ، ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانی سەدان منداڵی ساوا دروستكردووە. هەروەها كەمیی كەرەستەی گەرمكەرەوە مەینەتی دانیشتووانەكەی زیاتر كردووە، بەتایبەتی ئەوانەی لە كەمپ و پەناگەدا دەژین.