رەگەزنامەی سوری دەدرێت بەو هاووڵاتییانەی بەڕەچەڵەك كوردن

عیراق 02:42 PM - 2026/02/21

وەزارەتی ناوخۆی سوریا رێنمایی جێبەجێكاری سەبارەت بە میكانیزمی پێشكەشكردنی داواكاری بۆ وەرگرتنی ڕەگەزنامەی سوری بۆ هاووڵاتییانی كورد دەركرد، كە بڕگەكانی فەرمانی ژمارە 13ی ساڵی 2026 دەیانگرێتەوە.

لە بڕیارەكەدا ئەوە روونكراوەتەوە، كە دەتوانرێت داواكە بە تاك لەلایەن كەسی پەیوەندیدارەوە پێشكەش بكرێت، یان بە شێوەی داواكاری خێزانیی كە لەلایەن سەرۆكی خێزانەوە پێشكەش بكرێت.

بەپێی ئەو فۆرمانەی وەزارەتی ناوخۆی سوریا پەسەندی كردوون، دەبێت لەگەڵ داواكارییەكەدا بڕوانامەی ناسنامەی ئەسڵی ‌و بەڵگەی نیشتەجێبوون ‌و بەڵگەنامە رەسمییەكانی سەلماندنی بوونی لەناو خاكی سوریادا هاوپێچ بكرێت. وەزارەتەكە ناوەندی رەسمی  بۆ وەرگرتنی داواكاری لە پارێزگاری دیمەشق، حەلەب، رەققە و دێرەزوور دیاریكردووە، كە بۆ هەر پارێزگایەك ناوەندێكیان هەیە، جگە لە پێنج ناوەند لە پارێزگای حەسەكە، ماوەی پێشكەشكردنیش 30 رۆژە، لە بەرواری دەستپێكردنی كارەكانی لیژنەكان دەستپێدەكات، لەگەڵ ئەگەری درێژكردنەوەی بەبڕیارێكی وەزیری ناوخۆ.

ئەم بڕیارە لەكاتی جێبەجێكردنی فەرمانی یاسایی ژمارە 13ی ساڵی 2026 دێت كە لە 16ی 1ی 2026 لەلایەن ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتی  سوریاوە دەرچووە، كە تێیدا تەئكید كراوەتەوە كە رەگەزنامەی سوری بەو هاووڵاتییانە دەدرێت كە بەڕەچەڵەك كوردن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو