کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

کاروان گەزنەیی دەرئەنجامی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی ئاشكراکرد

.

11:20 PM - 14/02/2026

کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی لە دەرئەنجامەکانی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کرد و رایگەیاند، نوێبونەی یەکێتی و دەرئەنجامی کۆبونەوەکەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانیان تاوتوێ کردوە.
كاروان گەزنەیی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا و لە بارەی کۆبونەوەکەی رۆژی پێنجشەممەی رابردووی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  و مەسعود بارزانیی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەنێوان كاك بافڵ و كاك مەسعود ئەنجامدرا،  گەرچی نەگەشتونەتە هیچ رێککەوتنێک، بەڵام  كۆبوونەوەكە زۆر ئەرێنی بوو.
كاروان گەزنەیی لەبارەی گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتیی وتی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراق لەسەر بنەمای سزاو پاداشت دەست دەكات بە گۆڕانكاریی كردن لە ئۆرگانە حزبییەكانی خۆیدا، ئامانج لەو گۆڕانكاریانە بریتییە لەخۆسازدانەوە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ هەلومەرجە سیاسی و ئابووری و ئەمنیی و كۆمەڵایەتییە هەنووكەییەكان، ئەمەش بۆ كاروباری حزبی بابەتێكی پێویستە، بەتایبەتی بۆ یەكێتی كە حزبێكە نامۆ نییە بە گۆڕانكاریی، وە گۆڕانكاریی هەمیشە بەشێك بووە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بە ئەولەویەتی خۆی دەزانێت تا هەمیشە لە نوێبوونەوەدا بێت.
وتەبێژی یەكێتیی وتیشی، گۆڕانكارییەكان بۆ دوو ئامانجە، ئامانجی یەكەم خۆسازدانەوەو خۆگونجاندنە. ئامانجی دووەم، پەیكەربەندكردنەوەی ئۆرگانەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.
تەئكیدی لەوەش كردەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەژێر سەركردایەتی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی دا توانیویەتی هەنگاوی گەورە ببرَێت لە نوێبوونەوەو هەستانەوە و دروستكردنی پەیوەندی باش و دیبلۆماسی لە بەرژەوەندی میللەتەكەمان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆیە یەكێتیی بڕیاریداوە بۆ شۆڕكردنەوەی ئەم جۆرە لەخۆنوێكردنەوەیە لەناو ئۆرگانەكانی خۆی گۆڕانكاریی بكات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە