.
03:58 PM - 07/02/2026
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، پێشوازیکرد لە وەفدێکی بازرگانیی سعودییە بە سەرۆکایەتیی محەمەد سلێمان ئەلعسیری، کونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان و پێکەوە تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولایان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی شەمە(7/2/2026) لە سلێمانی بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە پرۆسەی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی حکومەت بۆ پشتگیریکردن و ئاسانکاریکردن بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و رایگەیاند لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش پارێزگای سلێمانی دەرفەتی زۆر گەورە هەیە بۆ وەبەرهێنەرانی سعودی لە بوارە جیاوازەکاندا و ئامادەیی خۆی و ئیدارەی خۆجێی سلێمانیشی بۆ هەموو جۆرە پاڵپشتی و ئاسانکارییەک دەربڕی.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگیی رۆڵی کەرتی تایبەت کرا لە ئابووریی هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی کە لەم ساڵانەی دواییدا کەرتی تایبەت بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێز بووە و رۆڵی بنەڕەتی دەبینێت لە گەشەپێدانی ئابووریدا.
هەر لەم چوارچێوەیەدا هەردوولا هاوڕابوون کار بکرێت بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیی و هاوکاری نێوان هەردوو کەرتی تایبەتی کوردستان و سعودییە و لەم رێگەیەوە ئاستی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا لە داهاتوودا بەهێزتر بکرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە