.
10:55 PM - 18/12/2025
لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی ی.ن.ك ڕایگەیاند، دوو رۆژە پەیامی بەشێك لە بەرپرسانی پارتی بۆنی دوو ئیدارەیی لێدێت، كە پێدەچێت مەبەستی سەرەكییان هێشتنەوەی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان بێت، نەك پێكهێنانی حكومەتێكی نوێی خزمەتگوزار.
لەتیف نێروەیی باسی لەوەشكردووە، كاتێك بە رێنمایی، میدیای هەردوو لایەن (یەكێتی و پارتی ) ئاگاداركراونەتەوە، بەمەبەستی رەخساندنی كەشێكی ئارامتر بۆ ئەنجامدانی دانوستان لە نێوان وەفدی هەردوولا، كار بۆ رەخساندنی ئەو دۆخە بكەن، میدیا و سەركردەكانی یەكێتی بەكردەیی پابەندبوونی خۆیان بەو رێنماییانە دووپاتكردەوە، لەبەرامبەردا، بەشێك لەسەركردەكانی پارتی ئەو دۆخەیان بەدەرفەت زانی و دەستیانكردووە بە لێدوان و پەیامی سەیر و سەمەرەو ناوەرۆكی پەیامی بەشێكیان بۆنی دوو ئیدارەیی لێدێت. بەشێكیشیان كاتێك باسی دانوستان و دابەشكردنی پشكەكان دەكەن، دیدگایەكی زۆر نالۆژیكی و هەڵەیان هەیە و وادەزانن خێرێك بەیەكێتی دەكەن و كەی ویستیان خێرەكە رادەگرن.
لەتیف نێروەیی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم جۆرە لێدوان و بیركردنەوەیە هیچ نرخ و بەهایەكی نییە و تەنها بەربەست لەبەردەم ئەنجامدانی دانوستانێكی هاوسەنگ و بەرپرسیارانە دروست دەكات، كە پێدەچێت مەبەستی سەرەكییان هێشتنەوەی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان بێت، نەك پێكهێنانی حكومەتێكی نوێی خزمەتگوزار و دادپەروەر، گەر وانیە بۆ دەبێ تەنها لە دوو رۆژی رابردوودا پێنج سەركردەی ئەوان لە پێنج پەیامی جیاوازدا، بەئارەزووی خۆیان و لە دەرەوەی بەڵێنی هێوركردنەوەی دۆخەكە، فاڵ بۆ یەكێتی بگرنەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە