.
09:52 PM - 18/12/2025
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی چەمچەماڵ ئاماری كۆتایی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بڵاوكردەوە كە بەهۆی لافاوەكەی 9ی ئەم مانگەوە زیانیان بەركەوتووە و بۆ وەرگرتنی قەرەبوو تۆمار كراون.
عەمید عومەر عەلی، بەڕێوەبەری هاتوچۆی چەمچەماڵ ڕایگەیاند، لە ماوەی سێ ڕۆژدا پرۆسەی تۆماركردن بەڕێوەچووە و تێیدا 651 ئۆتۆمبێل كە لە سەنتەری چەمچەماڵ و ناحیەكانی شۆڕش و تەكیە زیانیان بەركەوتبوو، لە سیستەمەكەدا تۆمار كراون. لەبارەی چۆنیەتیی خەمڵاندنەكە، عەمید عومەر، ڕوونیكردەوە، لیژنەیەك لە پسپۆڕانی بەڕاد و ئەفسەری شارەزای هاتوچۆ لە سلێمانییەوە چوونەتە چەمچەماڵ و لە چەند شوێنێك بە وردی پشكنینیان بۆ ئۆتۆمبێلە زیانلێكەوتووەكان كردووە.
بەڕێوەبەری هاتوچۆی چەمچەماڵ ئاماژەی بە جیاوازیی زۆری نێوان زیانەكان كرد و وتی، ئۆتۆمبێل هەیە زیانەكەی بە سەرووی 20 ملیۆن دینار دەخەمڵێندرێت. ئۆتۆمبێلی تریش هەیە بێ سەرەتا و ئارمە تۆماركراون كە نرخەكەی سێ ملیۆن دینارە. عەمید عومەر باس لەوەشدەكات، دوای پشكنینی ورد، داواكاریی بەشێك لە خاوەن ئۆتۆمبێلەكان بۆ قەرەبووكردنەوە و تۆماركردن ڕەتكراوەتەوە بەهۆی نەگونجانیان لەگەڵ مەرجەكان یان ڕاستیی ڕووداوەكە.
سەرجەم دۆسیە و خەمڵاندنەكانیش تەسلیمی "لیژنەی باڵای قەرەبووكردنەوە" كراون و بڕیاری كۆتایی لەسەر شێواز و بڕی قەرەبووەكان لەلایەن ئەوانەوە دەدرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە