.
11:04 AM - 15/09/2025
بەهاوكاری دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان دوو بازرگانی گەوەری ماددەی هۆشبەر لەسعودیە دەستگیركران.
لەو بارەوە عەباس بەهادلی، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەپەیامێكی ڤیدیۆیدا رایگەیاند بە سەرپەرشتی راستەوخۆی وەزیری ناوخۆ و دوای هاوكاری و هەوڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان لەپارێزگای سلێمانی، توانراوە دوو بازرگانی گەورەی نێودەوڵەتی ماددەی هۆشبەر لە شاری مەدینەی سعودیە دەستگیر بكرێن، عەباس بەهادلی راشیگەیاندووە دوای هەماهەنگییەكی باڵا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەری سعودیە، توانراوە دەست بەسەر 142 كیلۆگرام مادەی كریستاڵی شل لەناو ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارەكاندا بگیرێت.
هەر سەبارەت بەو پرسە عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەگەلی كوردستانی رایگەیاند ئەو ئۆپراسیۆنە لەسەر بنەمای زانیارییەكانی ئێمە بوو لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەهۆشبەرەكان، ئاماژەی بەوەشكرد ئەو دوو كەسە خەڵكی پارێزگای سەڵاحەدینن، پێكەوە خاوەنی كۆمپانیای تایبەت بە حەج و عومرەن و نزیكەی شەش ساڵە خەریكی بازرگانی مادەی هۆشبەرن لە نێوان عێراق، سعودیە، توركیا و چەند وڵاتێكی كەنداو كە لە رێگەی پاسەكانی تایبەت بە حەج و عومرەوە ماددەكانیان گواستووەتەوە بۆ سعودیە، عەقید سەلام عەبدولخالق راشیگەیاند ئەو بڕە كریستاڵە شلەی دەستی بەسەردا گیراوە لە نێو یەكێك لە پاسەكاندا بووە و بایی ملیۆنێك و 270 هەزار دۆلارە.
وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاند لە وڵاتی سعودیەوە داوایان كرد نوێنەرێك لەبەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكانی سەر بە دەزگاكەمان بچێتە ئەو وڵاتە، بۆ هاوكاریكردنیان لە لێكۆڵینەوە لەو دۆسیەیە و دۆسیەكانی دیكەی پەیوەست بەو بازرگانییانە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە