کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

هەموو کەرکوکییەکی دەنگدەر مافی دیموکراسی بەسەر کەرکوکەوە هەیە و ئەرکیشی هەیە

.

01:19 PM - 02/09/2025

د. شیلان فەتحی شەریف

مامۆستای زانکۆ

 

 هەموو كەرکوکییەکان  جێگەی رێزن... هەموویان بەكەڵك و جێی ئومێدن.

لەشارەكانی هەرێمی كوردستان، هەرێمی رەسمی كوردستان كە بەگوێرەی دەستوری عیراق بەشێكن لە حوكمڕانی كوردستان، هەزاران هەزار ئاوارەی كەركوكی دەژین. لە سلێمانی، لە رانیەو قەڵادزێ، لە بازیان و چەمچەماڵ، لەشارەزوور و گەرمیان، لە هەولێر، لەدارەتوو، بنەسڵاوە، دەڤەری سۆران و باڵەكایەتی….هەزاران خێزانی كەركوكی، كە بەهۆی سیاسەتەكانی راگواستن و تەعریب، بەهۆی هۆكاری سیاسیی لە دوای راپەڕینی 1991ی گەلەكەمان و بەهۆكاری بەرنامەی دوور مەودوای بەعس لەراگوێزانی كوردی کەرکوک لەو شارانەی هەرێم  ئاوارەن.بوونەتە بەشێك لە كۆمەڵگەی كوردستانی لەو شارانەی هەرێمی كوردستان. بوونەتە هاوڵاتیانی بەكەڵك و خزمەتگوزار لەناو دامودەزگاكانی حكومەت وەک فەرمانبەر، وەک ئەندازیار و پزیشک و مامۆستای زانکۆ و وەبەرهێنەر لە ئۆرگانە حزبییەكان وەک کادیر و هەڤاڵانی خەباتگێر، لەبازار و كەسابەتی سەربەرزانە و پەیداکردنی بژێوی ژیان. چەند نەوەیەک لە خێزان بە باش و چاک و رێکوپێک لە هەرێم دەژین و بونەتە بەشێک لە دیمەنی ژیانی کوردستانی ئازاد.

ئەمانە لەبنەچەوە لە كەركوك هاتوونەتە هەرێم بەهۆكاری سیاسی جیاجیا. ئەمانە  تێكەڵن لەگەڵ دانیشتوانی شارەكانی هەرێم،  تێكەڵی كۆمەڵایەتیان هەیە و ژن و ژنخوازیان لەنێواندا هەیە. ژیان و گوزەرانیان پەیوەستە بە ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێم و چەندین ساڵە وەکو ئەوانیش بەشێکن لە موعانات و ناخۆشی دواکەوتنی مووچە و پاشکەوت و ئێستاش بێ مووچەیی .ئەم كەركوكییە رەسەنە دانیشتووانەی  هەرێم لەهەموو هەڵبژاردنێكدا، لەهەموو هەڵمەتێكی نیشتمانی و لە خەباتی رزگاری كەركوك لە ساڵی 1991 لە پرۆسەی رزگاری عێراق لەساڵی 2003 لە  شەڕی بەرەنگاری تیرۆری داعش لە ساڵی ٢٠١٤، لە سەرژمێری گشتی لەساڵی 2024 بەشداربوون و بەشدارن و رۆڵیان گێڕاوە و رۆڵگێڕن، لەسەر ئەركی خۆیان و هەندێك جاریش بەهاوكاری حزبەكانی بەرپرسی وەكو یەكێتی نیشتمانیی کوردستان (دەچنەوە)و دێنەوە كەركوك و ئەركی دیموكراسی و نەتەوەیی خۆیان جێبەجێ‌ دەكەن و سیلەی رەحمی كەركوكی بوون و كوردستانیتی كەركوك دەپارێزن و تەئكید دەكەنەوە.دەنگ دەدەن و لیستی کوردستانی و لیستەکانی یەکێتیی سەردەخەن. لەو کاتانە و لەو هەڵمەتە نیشتمانییە بەشدارن، جا یان میوانی خزم و کەسوکارن، یان میوانی رۆح سووکی حزبن یان بە حوکمی ڕەگ و ریشەی ئەسڵیان لە کەرکوک دوو بنە و سێ بنەن ، لەماڵی باوان و ماڵی برا و کوڕ و کچ و میمکی خۆیانن. ئەرکی دیموکراسی و کوردایەتی خۆیان لە دەنگدان رادەپەڕێنن و بێ هیچ تەماع و ئەجر و پاداشتێک، جگە لە پاداشتی مەزنی جێبەجێکردنی ئەرکی کوردبوون و کەرکوکی بوون، دەگەرێنەوە یان دەچنەوە.

ئەمانە بەدەنگدانیان، بەم بەشدراییەیان و نکۆڵی نەکردن لە ئەسڵی خۆیان، جوانترین رۆڵی نیشتمانی و دیموكراتی دەگێڕن.وەک کورد و وەکو کەرکوکیش.بەڵانسی کوردستانیی کەرکوک بەرامبەر هاوردە و تەعریبچی هەمەچەشن دەپارێزن و ڕادەگرن.

لەبەرەکەی ناو کەرکوکیشەوە، وەک دەڵێین لەو بەری خاسەوە

لەبەرەی ژیانی ناو موعانات و ناخۆشی بەسەرهاتەکانی رووبەرووبوونەوەی فیعلی تەعریب و تەرهیبەوە، كۆمەڵانی خەڵكی شارە خۆشەو یستەكەمان  دەیان ساڵە لەسەردەمی بەعس تا سەردەمی میلیشیا و سەردەمی پارێزگاری بە وەکالەت و بە کەفالەت، بەئازایەتی و بوێری و بەسەبری شۆڕشگێڕی و گیانی بەرزی كوردایەتی ماونەتەوە و خۆڕاگری دەکەن. ئەمانە  لەكاتی رژێمی بەعسدا بەرەنگاری تەعریب و تەبیعس و تەرحیلیان  كردووە. لە دوای رووخانی رژێم بەسەبرو ئازایەتی و خۆراگرییەوە بەرەنگاری ئیرهابی كۆنە بەعسی و ئیرهابی قاعیدەو داعشیان كردووە. لەدوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017، سەرەڕای هەموو تیروتوانجێكی نابەجێی موزایەدەچی و کورتبینانی نەیاری یەکێتی، لەشاری خۆیان ماونەتەوەو درێژەیان بە ژیان و گوزەرانی خۆیان داوەو رۆڵیان زۆر مەزن و گەورەبوو لەپاراستنی سیمای كوردستانی كەركوك و بەهاوكاری یەكێتی، بە خوێنی شەهیدان و رەنج و ئارەقی بێ حەسانەوە خاوەندارێتیان لەشارەكەیان كردووە و دروشمی (لێرە نارۆین)یان پایدار کردووە، لەهەموو هەڵبژاردنێكدا ئەركی دیموكراسیی خۆیان لەدەنگدان و لە پاراستنی کوردستانێتی كەركوك گێڕاوە، بە دیموكراسی و سیاسەت و پشووی پێکەوەژیان خەباتی مەدەنی لە كەركوك دەكەن. دەستیان خۆش بێت.

بەم مانایە ئێمە دوو كۆمەڵگەی ئازا و ئازادی كەركوكمان  هەیە:

كۆمەڵگە ئاوارەی سیاسیی و  راگوێزراوی چەندین ساڵە كەبوونەتە بەشێك لە كۆمەڵگەكانی هەرێمی كوردستان و …

-كۆمەڵگەی ناو خودی كەركوك كە خۆراگرن و ماونەتەوە.

ئەمە جگە لە هەزاران کەرکوکی دیاسپۆرا و هەندەران کە لەسەرەتای پرۆسەی هەڵبژاردنی دیموکراتی عیراقەوە لەگەڵ هەزاران هەزار کورد و عیراقی بەشداری هەڵبژاردن دەبوون، پێش ئەوەی بیرۆکەی سندوقی دەنگدان لە هەندەران بە بیانووی زۆری خەرجی کۆمسێۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراقەوە، تێکوپێک بدرێت.

ئەمە جگە لە سەدان کوردی کەرکوکی دوو بنە لە هەندەران و لە بەغدا و شارەکانی تری عیراق کە کەسمان ناتوانین شەرەفی کوردبوون و کەرکوکی بوونیان لێ بستێنینەوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەم دووانە، کەرکوکی ناو کەرکوک و کەرکوکی ژیاو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، بە حیسابی جوگرافیا و یەک کوردستانیی زۆر لێک دوور نین و هەردووكیان تەواوكەری یەكترین و پێكەوە لەهەموو وێستگەیەكدا رۆڵی نیشتمانی لەپاراستنی ناسنامەی کوردستانی كەركوك دەگێڕن.هەردووكیان  پێكەوەن و بەرامبەر یەك سیاسەتی ناڕەوای مەیلێکی تازە سەرهەڵداوی شۆڤێنی لە بەغدا دژی کورد لە هەرێم و لەکەرکوک و خانەقین و هەموو ناوچەکانی چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری، وەستاونەتەوە.

كەركوكی ناوە و دەرەوە لە زۆر ئازارا هاوبەشن. هەر ئێستا سەدان کەرکوکی کە لە ناو کەرکوکن و لەدامەزراوە حزبی و حکومییەکانی هەرێمەوە مووچەیان بۆ دێت لە ناو ئازاری دواکەوتن و بێ مووچەیی دەژین و ئەوان بە فیعلی دەزانن دەردی کورد بوون و کەرکوکی بوون هەر یەک شتە با ڕەنگەکانی جیا بێت.واتا وەکو کورد دەڵێ (هەموومان لەکین و یەکین).

ئەم دۆخە زروفی سیاسی کوردستان و عێراق دروستی كردووە و هەر وردبوونەوەیەک لە مێژووی نزیک و سۆسیالۆژیای سیاسی ئەمە روون دەکاتەوە. هەر ئاراستەیەک بۆ فەرق و جودایی لە ناو کۆمەڵگەی کەرکوک بە مەست و بێ مەبەست، بۆ لاوازکردنی رۆڵی سیاسیی و کۆمەڵایەتی کوردی کەرکوکە لە ناو گێژاوی بەرژەوەندی عیراقی و ئیقلیمیدا و بۆ تێکدانی بەڵانسی نەتەوەیی کوردە لەناو پێکهاتە نەتەوەییەکانی کەرکوکدا.

بۆیە هەموو كەركوكییەك بەكەڵك و پێویستە  بۆ تەنگانەی كەركوك و بۆ تەنگانەی كوردستان و عیراقیش، هەردووكیان پابەند و بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموكراسین ،دەنگ دەدەن و لە هەموو پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی پارێزگاکان و هی عیراقیشدا نوێنەرایەتی كەركوك هەڵدەبژێرن.

ئەوە روانگەیەكی كوردستانی و واقیعی سیاسی دەیان ساڵەی وڵاتەكەمانە، نادیدەگرتنی زیان بە ستراتیجی سیاسیی کورد دەگەیەنێ.

پتەوكردنی بەشداری  كەركوكییەكانی هەرێم لە هەڵبژاردنە جیاجیاکانی کەرکوک و ئاگاداریان لە ئێستا و چارەنووسی داهاتووی شارەكەیان و وەرگرتنی ڕاو بۆچوونیان وەك مافێكی دیموكراسی بەقەدەر ئەركی بەشدریان لە دەنگدان و دیموكراسی كەركوك و عیراق گرنگن.

هەروەها پتەوكردنی بەشداری كەركوكییەكانی ناو خودی كەركوك لەدیاریكردنی چارەنووسی شارەكەیان وەك ئەركی بەشداریان لە دەنگدان گرنگە ماف و ئەرکی دەنگدان لە ڕووی دیموکراسیی و دەستورەی و کوردایەتییەوە ئەمەیان بۆ دەسەلمێنێ.

ئەم ئەركە بە نوێنەرانی كەركوك، لە حوكمڕانی خۆجێی   كەركوك و لە ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتی ئیتحادی، بە نوێنەرانیان لەسەركردایەتی حزبەكان و بە رێکخراو کۆمەڵی خێرخوازی مەدەنی جێبەجێ و رای دەكرێن پێكەوە.

كەركوكییەكان  لەناوەوەو دەرەوەی كەركوك، رێگای ئاوەدانی و بەرزكردنەوەی شانسی بەشداری كەركوك لەسیاسەتی عیراق و لەسیاسەتی كوردستانی و لە ئیدارەی محەلی کەرکوک دەگرنەبەر. و ئەوەش رێگای زێرینی سەرکەوتنە، رێگای واقیعی داکۆکی لە کوردی کەرکوک و لە کەرکوکی ئاوەدانە.

بژی هەزاران هەزار دەنگی کەرکوکی لەهەرێمی کوردستان کە خەزینی هەزاران هەزار دەنگی خەڵکی ناو کەرکوک دەوڵەمەند دەکەن. سڵاو لەو کەرکوکیانەی تاراوگە و هەندەران کە هەموو جار یان لەسەر گیرفانی خۆیان دێنەوە بۆ دەنگدان یاخود وەک کۆڵ سەنتەری شەخسی و لەسەر حیسابی خۆیان هەڵمەتی پەیوەندی بە خزم و کەسوکار و ئاشنایان بەرپادەکەن و هانیان دەدەن بچن دەنگ بدەن.

کوردی کەرکوک لە هەموو جێیەک (لەکن و یەکن) و یەک خەمی کەرکوکیان هەیە. (ئەوس و خەزرەج)یش بن بەرژەوەندیان لە خزمەتی یەک ئامانجی کەرکوکیانە و کوردستانیانە یەکیان دەخات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat:V:11564 - 27500

سەرەوە