.
02:17 PM - 01/09/2025
لە درێژەی یارییەكانی هەفتەی سێیەمی پریمەرلیگ ، یانەی مانچستەرسیتی لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی یانەی برایتۆن بۆوە ، لە سەرەتای یارییەكەوە یاریزانانی هەردوو مان سیتی كۆنترۆڵی یاریگایان گرتە دەست و دوای هەوڵێكی زۆریش توانیان لە دەقیقەی ٣٤ دا گۆڵی پێشكەوتن لە رێگەی ئیرینگ هالاندی نەرویجییەوە تۆمار بكەن ، هەرچەندە دوای ئەو گۆڵەی هالاند یاریزانانی ستیزنس لەسەر ئاستە بەرزەكەیان بەردەوام بوون و زیاتر لە جارێكیش نزیك بوون لە تۆمار كردنی گۆڵی دووەم ، بەڵام سەرجەم هەوڵەكانیان بێ ئەنجام بوون و گێمی یەكەمی یارییەكەش بە گۆڵێكی بێبەرامبەر تەواو بوو ، لە دەستپێكی گێمی دووەمدا ئاستی یارییەكە پێچەوانە بۆوە و یاریزانانی برایتۆن باشتر دەبیندران ، تا لە دەقیقەی ٦٧ دا ناوبژیوان لێدانێكی سزای بۆ هەژمار كردن و جەیمس میلنەریش توانی بە شێوەیەكی سەركەوتوو گۆڵی یەكەمی یانەكەی پێ تۆمار بكات و ئەنجامەكە یەكسان بكاتەوە ، هەرچەندە دوای ئەو گۆڵەی میلنەر پیپ گواردێۆلای ڕاهێنەری ستیزنس چەند گۆڕانكارییەكی ئەنجامدا و جارێكی تریش كۆنترۆڵی یاریگایان گرتەوە دەست ، بەڵام لە تۆمار كردنی گۆڵ سەركەوتوو نەبوون ، تا لە پێش تەواو بوونی كاتی یاسایی یارییەكە بە چەند دەقیقەیەك و بە دیاری كراوی لە دەقیقەی ٨٩ دا براخان گرودای ئەڵمانی گۆڵی پێشكەوتنی یانەی خاوەن یاریگای تۆمار كرد ، سەرەنجام یانەی مانچستەرسیتی بە گۆڵێك بەرامبەر بە دوو گۆڵ یارییەكەی بە یانەی برایتۆن دۆڕاند و دووچاری دووەم شكستی لەسەر یەك بۆوە
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە