.
11:31 PM - 26/08/2025
بڕیاری لەسەر خەرجكردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم درا
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاری لەسەر خەرجكردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دا، لیژنە هاوبەشەكانیان لە كۆبوونەوەكانیان بەردەوام دەبن.
لەوبارەیەوە نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا، سەبارەت بە پابەندبوونە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم، پێداچوونەوەی بە راپۆرتی لیژنەی وەزاری پەیوەندیدار بە پابەندبوونە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم كرد، رەزامەندی دەربڕی لەسەر خەرجكردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی 2025 لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، پێویستیشە حكومەتی هەرێم بڕی (120) ملیار دیناری داهاتە نانەوتییەكان تەسلیم بكات، راشیگەیاندووە، ئەنجومەن لیژنە هاوبەشەكانی راسپارد بۆ درێژەدان بە كارەكانیان و رێنمایی پێكهێنانی تیمێكی یاسایی كرد، كە راوێژكاری یاسایی سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی بەشە یاساییەكان لە ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و دەستەی چاودێری دارایی فیدراڵی لەخۆدەگرێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ چارەسەركردنی كێشە یاساییەكانی پەیوەست بە داهاتە نا نەوتییەكان، بەپێی یاسا.
سەبارەت بە دۆسێیەی نەوتیش، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی ئەو دەرئەنجامانە كرد، كە لیژنە هاوبەشەكانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە هەرێمی كوردستان پێیگەیشتون، تەئكیدیشی لە پێویستی پەلەكردنی گەیاندنی دەستبەجێی نەوتی بەرهەمهێنراو لە كێڵگەكانی ناو هەرێم بە كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی دەوڵەت (سۆمۆ) كردەوە
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە