.
01:31 PM - 28/08/2025
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی8ی2025 پانێڵی یەکەم لە رۆژی دووەمی كۆنگرەی هاوپەیمانیی سۆشیال دیموكرات لە جیهانی عەرەبی، بەبەشداری قوباد تاڵەبانی بەڕێوەچوو.
لە پانێڵەکەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: لە عیراقدا چوارچێوەیەكی دەستووریی بۆ مافەكانمان هەیە، بەڵام كێشە لەبەردەم مافەكانمان ماوە و هێشتا كورد تەواوی مافە دەستورییەكانی لە عیراق وەرنەگرتووە، هاوکات دەبێت کێشەکان بە دیالۆگ و گەڕانەوە بۆ دەستور چارەسەر بكرێت.
ئاماژەیبەوەشدا: حكومەتی عیراق، حكومەتێكی فیدراڵیە و كوردیش هاوبەشێكی راستەقینەیە و کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم بە گفتوگۆ چارەسەردەکرێت.
ئەوەشیخستەڕوو: یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆك بافڵ تاڵەبانی لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا نزیكیان كردوینەتەوە و كورد نوێنەرایەتی دۆزێكی رەوا دەكات و نابێت موچە چەكی سزادان بێت، هاوکات پرسی کورد تەنها دابینکردنی مووچە نییە.
باسی لەوەشکرد: كێشەی كورد لە وڵاتانی دیکە چارەسەر نەكرێت، كێشەی خودی ئەو وڵاتانەش چارەسەر ناكرێت و هەر پارچەیەكی كوردستان تایبەتمەندی و داواكاری جیاوازییان هەیە.
ئەوەشی روونکردەوە: پشتیوانی پڕۆسەی چارەسەری لە توركیا دەکەین و دەبێت کورد لە داهاتووی سووریادا بەشێکی سەرەکی بێت.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند: بۆ جیهانمان سەلماندووە کورد داوای چارەسەری کێشەکان دەکات و لە رابردوودا دۆسییەی کورد وەک هەڕەشەیەک سەیرکراوە، بەڵام هەموو تێگەیشتن کە کورد هیچ کات هەڕەشە نەبووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە