.
01:26 PM - 28/08/2025
كۆنگرەی هاوپەیمانیی سۆشیال دیموكرات لە جیهانی عەرەبی، بۆ رۆژی دووەم بەردەوامە و بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: مێژووی كوردستان نەهامەتی زۆری تێدایە و دەزانین ئاشتی چی دەهێنێتە كایەوە و جەنگیش چی بەرهەم دەهێنێت، لەوەش تێدەگەین یەكگرتوویی چەند هێزمان پێدەبەخشێت، لە ئێستاشدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بووەتەوە، بەڵام گەنجان هیوایان بە ئاشتییە و دەبێت پێكەوە كار بۆ هێنانەكایەی بكەین، لەبارەی سلێمانیشەوە رایگەیاند: سلێمانی شاری دیموكراسییە و شانازی پێوە دەكەین.
ئەمڕۆ 28ی 8ی 2025، كۆنگرەی هاوپەیمانیی سۆشیال دیموكرات لە جیهانی عەرەبی بە ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد و بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: خۆشحاڵم پێشوازیتان لێدەكەم بۆ سلێمانی، كە شارێكە پڕە لە دیموكراسییەت و بیركردنەوەی ئازاد و تێڕوانینێكی ناوازە بۆ ژیان، سلێمانی هەمیشە بیروبۆچوونی ئازادانەی تێدا گۆڕدراوەتەوە و ئازادی تێدا پیادەكراوە و شانازی پێوە دەكەین و بەناوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و خەڵكی شارەكەوە بەخێرهاتنتان دەكەم.
راشیگەیاند: ئێمە ئەوكاتە ئازادین كە كۆمەڵگەكەمان ئازادە، ئەم وانانەش لە سەرۆك مام جەلالەوە فێربووین، ئەمڕۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روبەڕوی ئاڵنگاری بووەتەوە، ئەمەش بووەتەهۆی ناسەقامگیری و راگواستنی خەڵك و ململانێ، هاوپەیمانی پێشكەوتنخوازان هاوكار دەبێت لە روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەكان و ئەم كۆنگرەیەش بۆ جیهانی دەسەلمێنێت كە دەتوانین ئازادانە قسە بكەین.
سەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد: توندڕەوی و نادادپەروەری ئابوری و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات مەترسین بۆ سەر دیموكراسییەت لە غەززەوە بۆ سوریا و یەمەن و هەموو ناوچەكە، بێگومان لە ساڵی 2025 دا باسكردنی ئەم بابەتە شەرمەزاركەرە، وڵاتانی رۆژئاوا دەیانەوێت ئێمە بە دیموكراسی ئاشنا بكەن، بەڵام رێگادەدەن ئەو كردەوە توندوتیژیانە بە بەرچاوی خۆیانەوە بەردەوامبن و بوێری ئەوە دەكەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە