.
01:18 PM - 23/08/2025
حكومەتی نوێی سوریا پلانی هەیە دراوێكی نوێ چاپ بكات و دوو سفر لەسەر لیرە كەمبكاتەوە، ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بۆ دراوەكە و ئاسانكاری لە مامەڵەكانی رۆژانەدا.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بە پشبەستن بە چەند سەرچاوەیەك رایگەیاندووە، حكومەتی سوریا بڕیاریداوە دوو سفر لەسەر لیرە لاببات و دراوێكی نوێ چاپ بكات، لەدوای ئەوەش دراوە كۆنەكە شان بەشانی دراوی نوێ بەكاردەهێنرێت تاوەكو هاوڵاتیان دەیگۆڕنەوە بە دراوی نوێ.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئامانج لەم هەنگاوە بەهێزكردنی لیرەی سورییە، دوای ئەوەی بەهۆی جەنگی 14 ساڵەی وڵاتەكەوە كە بە رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە كانوونی یەكەمی رابردوودا كۆتاییهات، نرخەكەی بەشێوەیەكی مێژوویی دابەزی.
بانكی ناوەندیی سوریا لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا بانكە تایبەتەكانی ئاگاداركردووەتەوە كە پلانی هەیە دراوی نوێ دەربكات و سفرەكانی سەر لیرە كەمبكاتەوە، بە ئامانجی ئاسانكردنی مامەڵەكان و بەدیهێنانی سەقامگیریی دراو.
لیرەی سوری لە ساڵی 2011وە زیاتر لە سەدا 99ی بەهاكەی لەدەستداوە، بەجۆرێك نرخی گۆڕینەوەی یەك دۆلار لە 50 لیرەوە بۆ نزیكەی 10 هەزار لیرە بەرزبووەتەوە. ئەو دابەزینە زۆرەش وایكردووە مامەڵەی رۆژانە و گواستنەوەی پارە زۆر ئەستەم بێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە