.
02:30 PM - 18/08/2025
رێحانە گیایەكی سەوزە هاوشێوەی جەرجیر و نەعنایە، زۆرجار لەلایەن ئیتاڵییەكانەوە لە پیتزا یان سۆسی مەعكەرۆنیدا بەكاردەهێندرێت و لە كوردستانیشدا زۆرجار لەسەر خوانەكان وەك سەوزە و هەندێكجاریش لەخواردندا بەكاردەهێندرێت، بەشێوەیەكی بەرفراوان سەرچاوەكان پێیان وایە كە ئیتاڵییەكان ئەم رووەكەیان دۆزیوەتەوە، بەڵام هەندێك دەڵێن زیاتر لە پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر لە هیندستان و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا دۆزراوەتەوە.
پزیشكان و پسپۆڕانی بواری خۆراك دەڵێن، زۆر كەس كەمتەرخەمن لە خواردنی ئەم گیا سەوزە گرنگە، كە پێویستە بخرێتە ناو خۆراكەكانیانەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە هەرزانترینە و لەهەمان كاتدا سوودی سەرسوڕهێنەری بۆ جەستەی مرۆڤ هەیە، لەوانە پاراستنی لەشێرپەنجە و دابەزاندنی پەستانی خوێن، لەراپۆرتێكدا كە رۆژنامەی میترۆی بەریتانی لەزاری پزیشكان و پسپۆڕانی خۆراكەوە بڵاویكردووەتەوە رێحانە دەتوانێت جەستەی مرۆڤ لەشێرپەنجە بپارێزێت و پەستانی خوێن هاوسەنگ بكات، هەروەها ئەو ماددە خۆراكیە و پێكهاتانەی تێیدایە، دەتوانن یارمەتیدەر بن لەخۆپاراستن لەنەخۆشییە درێژخایەنەكان، لەوانە شێرپەنجە، شەكرە، نەخۆشییەكانی دڵ و هەوكردنی جومگەكان.
بەوتەی پسپۆڕان، رێحانە سوودی دژە بەكتریا و دژە هەوكردنی هەیە، رەنگە تەندروستی دەروونی بەرزبكاتەوە، ئەمەش بەپێی جۆری رێحانە و شێوازی بەكارهێنانی دەگۆڕێت، رۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە،رێحانە بۆ سەدان ساڵە لە پزیشكی چینیدا بەكاردەهێنرێت بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی دڵ و خوێنبەرەكان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە