ستران عەبدوڵڵا 01:47 PM - 2026/06/02

بەشی هەژدەهەم
ستران عەبدوڵڵا
لە ئەزموونی کاری پێگەیاندنی حزبەوە لێرە سێ تەوەر بۆ پێگەیاندنی هەڤاڵ و پەیداکردنی رۆشنبیری سیاسی دیاری دەکەین:
1 -رۆشنبیری سیاسی و فیکری وەک ماددەیەکی خام و خۆڕسکی هەر ئەندامێکی حزبی، واتا پشتخانی رۆشنبیری سیاسی و فیکری خۆی لە دەرەوەی حزب و لەناو ژیاندا.
2 - پەیمانگەی کادران و پلەبەندکردنی قۆناغەکانی خوێندن.
3 - دروستکردنی کتێبخانەی حزب و پۆلبەندکردنی کتێبەکانی کە بۆ رۆشنبیری حزبی پێویستن.
کەلتوری حزبی و نەریتی فیکری هەر حزبێک، لەهەموو رەوتی خەباتدا، رەچەتەی جیاجیای بۆ خۆپێگەیاندنی کادر و تێکۆشەر هەیە، بۆ ئەمەش لیستی کتێبە جەوهەرییەکان بۆ خوێندنەوە و خۆپێگەیاندنی هەڤاڵان، لە سەرەتای دەستپیکردنی خەباتی حزبدا، پێویستن. بێگومان بەتێپەڕینی زەمان و ئەزموون بەشێکی لیستی کتێبەکانی کە لە ئەڵقە رۆشنبیرییەکان پێویست بوون، لەوانەیە کۆن بن و بۆ ئەمڕۆ دەست نەدەن، بەڵام شێوازی دانانی لیستەکە و بیرۆکەی پێویستی خۆرۆشنبیرکردن هەر ماون و رەسەنن و دەبێ ببێتە نەریتێکی بەردەوام و بە گوێرەی گەشەی سیاسەت و حزبایەتی و کۆمەڵ بژار بکرێت و پەرەی پێ بدرێت.
بەم گێڕانەوەیە دەتوانین بڵێین لیستی خۆپێگەیاندن تەنانەت پێش رێوشوێنەکانی بەرنامەی پێگەیاندن و خولی بەردەوام و دانانی پەیمانگا و ئەکادیمیای حزب کەوتووە و بۆتە دەستپێکی خەباتی رۆشنبیری و فیکری، تەنانەت بۆتە دەستپێکی دانانی بەرنامەی ئایدیۆلۆجی و ناسنامەی کۆمەڵایەتی و نەتەوایەتی و جیهانبینی حزبەکەش.
وەکو لە شرۆڤەی کۆڕ و کۆبوونەوەی حزبی باسمانکرد کە تەکنۆلۆژیای نوێ و ستایل و تەرزە تازەکانی پێکگەیشتن بەکاربێت گرنگە لە رۆشنبیرکردن و پێگەیاندن هەموو تەکنۆلۆجیای نوێ بەکار بێت وەکو: پۆدکاست، بەرنامەی یوتوب و سمیناری دەنگی و هتد...
لیستی خۆ پێگەیاندن
هەندێک پرەنسیبی سەرەکی بۆ خۆ رۆشنبیرکردن
1 - دیاریکردنی ژمارەیەک کتێب و سەرچاوە لەسەر مێژووی نەتەوە و تێکۆشانەکانی، شۆرش و خەباتگێڕی و مێژووی گەشەی کۆمەڵایەتی و ململانێکانی.
2 - دیاریکردنی ژمارەیەک کتێب و سەرچاوە لەسەر مێژووی حزبایەتی لە کوردستان و عیراق و جیهان، مێژووی ئەزموونی حزبایەتی لە جیهان، بەتایبەتی هی حزبە هاوڕێبازەکان، لە رەوتی دیموکراسی و سۆشیالست  دیموکراتی و گەشەی کۆمەڵایەتیدا.
3 - دیاریکردنی ژمارەیەک کتێب و سەرچاوە، وەکو ئەنسکلۆپیدیا و فەرهەنگ و کتێبە بنچینیەکانی تایبەت بەبواری سیاسی گشتی، ئابووری، گەشەی کۆمەڵایەتی، ئاینەکان و مەزهەبە دینییەکان کە مەبەست لێرە تەنها مۆدێلی ئیسلامی سیاسیی نییە.
4 - دیاریکردنی ژمارەیەک کتێب و سەرچاوە، تایبەت بە تەکنۆلۆژیای میدیا و پەیوەندییەکان. کە زۆر پێویست و سەرەکین بۆ دروستکردنی تۆڕێکی پەیوەندی پێویست بۆ دامەزراوەکانی حزب.
5 - کتێب و سەرچاوەی گشتی تایبەت بە هەڵبژاردن و جۆرەکانی، دیموکراسی هەڵبژاردن و خوێندنگەکانی.
6 - فێربوونی زمان، بەتایبەتی زمانی کوردی بەهەموو زاراوەکان و زمانی عەرەبیش کە بۆ سیاسەت لە وڵاتی عیراق پێویستن.
 ئەم سەرچاوە و کتێبانە دەکرێ لە 
-کتێبخانەی ئۆرگانە سەرەکییەکانی حزب هەبن: مەکتەبی سیاسی، مەکتەبەکان و ئۆرگانەکانی تر و بە تۆڕێکی ناساندن و فەرهەنگ بەندی پێکەوە گرێ بدرێن. لەگەڵ کتێبخانە سەرەکی و ناوەندی و لاوەکییەکانی حزب، کتێبخانەکان مەرج نییە هەر کاغەزی بن. ڤیدیۆ و دیکۆمێنتاری و کتێبی دەنگی و دیجیتاڵی هەر زۆر گرنگن و دەبنە بەشێک لە گەشەپێدانی شێوەی ئیشکردنی حزبیش.
7 - پەرەپێدانی فەرهەنگی خەڵاتی کتێب و خەڵاتی خوێندنەوە و پێدانی ناونیشان و پلەی حزبی بۆ هاندان.
8 - هاندانی کتێبخانەی شەخسی لەلایەن هەڤاڵانەوە و کردنی بە نەریت و کەلتورێکی حزبیانەی پەسەندکراو و دۆزینەوەی زیاد لە شێوازێک بۆ ئەم هاندانە.
ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە لە حزب دەتوانن ژمارەیەک ناونیشان لە هەریەک لەو بوارانە دیاری بکەن، بەتایبەتی ئەوی پەیوەندی بە مێژووی رەسمی حزب، یان بنەما سەرەکییەکانی ئەندێشەی حزب و دونیابینییەکانییەوە هەیە و وابێت کە بۆ خۆرۆشنبیرکردن و پەرەپێدانی فیکری پشتی پێ ببەسترێت و یارمەتیدەربێت بۆ یەکخستنی جیهانبینی حزبەکە و هاوڕوانین لە مێژوو و رەوتی تێکۆشانی حزبەکە.
درێژەی هەیە

وتارەکانی نوسەر