ستران عەبدوڵڵا
ستران عەبدوڵلا
لەم رۆژانە چەند پڕوپاگەندەیەکی گەشبین دەرخواردی خەڵک درا کە خاوەنەکانیان گلییانە بۆ راست نەبوو. وتارێکی قەدیمم هەبوو کە لە ٢٧ی ئابی ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوم کردەوە لەسەر پڕوپاگەندەیەکی تر ، دیتم بۆ ئەمرۆ کە ئەیلولی ٢٠٢٦ هیچ عەیبی نییە و دەست دەدات. بۆیە وا دامنایەوە. هەر سەکۆیەک بردی گەردنی ئازاد بێت:
خەبەرون خەتەرون
دەڵێ جارێكیان مەلا نەسرەدین کە تورک و عەجەم خەواجەی پێدەڵێن و عەرەبیش بە ناوی جوحا تەعریبیان کردووە لەناو بازاڕ پروپاگەندەیەك بڵاودەکاتەوە گوایە لەو ماڵەی ئەوسەری ئاوایی دەعوەتێکی گەورە سازە و سفرەیەکی گەورەی میوانداری ریزکراوە .جا بەلاش و حەلاش و بێ حیساب و کیتاب خەڵك دەچنە داوەت و سفرەی رازاوە قەرەباڵەغە. ھەروا خەڵك و عەوامە فڕکان فڕکانی ماڵی ئەوپەڕی ئاواییەتی بەڵکو بەشی چەوری بەربکەوێت. پروپاگەندە وا تیژڕەو دەبێت مەلای خۆشمەشرەب لەتاو سەداو سەودای قسەی دەڵێ با خۆشم بچم نەکا درۆ نەبێ و بەڕاست ھەڵگەرێ.
رۆژانە مەلا مەزبورەکانی چەرخی سۆشیال میدیا درۆی قەبە و دەلەسەی بێ بەلەسە بڵاودەکەنەوە کە گڕ لە خەرمانی قەناعەتی لەرزۆکی خۆشیان بەردەدا. دوایی کە درۆ بەراست وەرناگەرێ لە جێی ئەوەی خەم لە ھەواڵی فەیك و پشت پەردەی فیکوفاکی زانیاری ھەڵە بخۆن دێن گلەیی دەکەن گوایە «راستی» درۆی ئەوان لەگەڵ راستی رووداوەکان یەکی نەگرتۆتەوە.
خۆ ئەگەر چیرۆکە خۆشەکانی خەواجە نەسرەدین پەند و حیکمەتی تێکەڵی گونجی قسەی خۆش کردووە و بۆ ئەمرۆ تا سەر بۆتە میراتێکی کەلتوری کە چەندین میللەت شەڕی خاوەندارێتی لەسەر دەکەن . بەداخەوە پڵاوی سۆشیال میدیا تەنھا دەرخواردی خاوەنەکانیان نادرێت ، بەڵکو میزاجی میللی پێ ئالودە دەکرێ و ژینگەی گشتی وڵاتی پێ پیس دەبێت.
ھەقە ئەوانەی دەلەسەیان کردۆتە سەرمایەی کار و پیشەی میدیایی گلەیی لەوە نەکەن دەخیلەی سەرمایەکەیان زوو بەتاڵ بێت.
خەبەری درۆی شەو لەبەر ھەتاوی سبەی دەتوێتەوە.