ستران عەبدوڵڵا 10:08 AM - 2026/11/15

مام جەلال لەم پێناوەشدا تەنانەت پێشنیازی هەیە بۆ لایەنی تەکنیکی و لایەنی رۆشنبیری:
1-ئەم کەسە لێزانانە بێن شێوەی رۆژنامەگەری ئەم سەردەمەیان بۆ باس بکەن، چونکە رۆژنامەی ئەمڕۆ بۆتە هونەر و بۆتە زانست کە دەبێ (دڵی خوێنەران بۆ لای خۆی رابکێشێت)
2- لێرەش، لەم دیدارە تەلەفزیۆنییەدا، جارێکی تر پرەنسیبی پێکەوەیی و تەواوکاری دووپات دەکاتەوە (شتێکم هەیە بۆ تەلەفزیۆن و رادیۆی گەلی کوردستان لەسەر رۆژنامەگەری، چونکە ژمارەی رۆژنامەکان زۆر مەحدودە و زۆر کەمترە لەوەی کە بگاتە خەڵک. سەبارەت بە نەبوونی کاغەز و گرانی، حەقە رۆژانە لە تەلەفزیۆن و رادیۆی گەلی کوردستاندا بەشێک هەبێت بۆ رۆژنامەی کوردستانی نوێ، کوردستانی نوێ پێشکەش بە خەڵکی بکات، هەندێک وتاری بخوێنێتەوە. ئەوەش نەک بە پەلەپەل بەسەریدا بڕوات.
پێشنیار دەکات بۆ ئەوەی برادەران فێری ئەوە بن بە چاکی رۆژنامەکە بخەنەڕوو، من داوایان لێدەکەم گوێ بگرن لە تەلەفزیۆنی قاهیرە و کەناڵی میسری فەزائی و کەناڵی mbc، بزانن ئەوانە چۆن رۆژنامەکانی میسری و رۆژنامەکانی جیهانی پێشکەش دەکەن؟)
3 -تێبینی زمانەوانی لەسەر وشە و زاراوەش دەڵێت (من لەو کەسانەم کە کوردستانی نوێ دەخوێنمەوە و تەنانەت لەسەر وشە و لەسەر ئیستلاحات ئیعتراز دەگرم و زۆر جاریش بروسکەیان بۆ دەکەم) لەسەر تێبینی زمان دواتر لەژێر تایتلی (ئەزی تێدا شەرمەزارم) چەند نموونەیەک لە درێژەی نووسینەکاندا باس دەکەین.
جگە لە بایەخدان بە فەیلی، ئێزدی و ئاوارەی کەرکوکی، بۆ توێژەکانیش لاپەڕەی تایبەتی بۆ جوتیاران، ژنان، کرێکاران، مامۆستایان و چین و توێژەکان لاپەڕەیان هەبێت.
لەسەر پرەنسیبی بیروڕای ئازادیش دەڵێت:
1- پێویستە وەڵامدانەوەمان بە شێوەیەکی زانستی بێت، بۆ نموونە کە لەسەر پارتی و حزبەکان دەنووسین، دەبێ بە شێوەی خۆمان، زانستی و بابەتی بنووسین، نەک بە جنێو، بەڵکو شێوەی نەرم و مەنتقی بێت کە دواتر دەستەواژەی (زمانی گوڵەکە)ی بۆ دادەنێت.
2- بۆ نموونە رێگە نەدەین داخ لەدڵێک قسە بە حزبی شیوعی بکات، یان قسە بە ئایین بکات بە بیانووی بیروڕای ئازادەوە. بیروڕاش دەبێ سنووری خۆی هەبێت و تێنەپەڕێت.
پەیامی پیرۆزبایی، بۆنەی رێنمایی
لە هەموو ساڵڕۆژێکی رۆژنامە و کەناڵەکاندا، مام جەلال هەر پیرۆزبایی نانێرێ، بەڵکو هەمیشە هەڵسەنگاندن دەکات، بە چاک دەڵێ چاک و بە خراپیش دەڵێ خراپ. هەمیشەش هاندان دەکاتە سەرەتایەک بۆ پێشنیازی تر، بۆ نموونە لە پەیامی پیرۆزبایی 12-1-1993 هەندێک پێشنیازی نوێ دەخاتەڕوو و هەندێکی تریش کە پێشتر کردویەتی و جێبەجێ نەکراوە، دیسانەوە دووپاتی دەکاتەوە. وەک نامەکانی کە لە شاخەوە بۆ دەرەوەی وڵاتی دەنارد. واتا کۆڵ نادات تا جێبەجێ دەکرێت:
1- هەقە کوردستانی نوێ زیاتر بایەخ بە دەنگ و باسی دەرەوە بدات، باسی تێر و تەسەل لەسەر رووداوە گرنگەکانی جیهان بە گشتی و رۆژهەڵات بە تایبەتی بڵاوبکاتەوە، ئەمە هەمان بیرۆکەیە کە دەیویست لە دیمەشق و دەرەوە (کورد لە پەنجەرەی دونیاوە) ستوونێکی رۆژنامەوانیی بێت و کاری لەسەر بکرێت. لە لاپەڕە شەشدا تەرجومەی وتار و باسە گرنگەکانی دونیا یان پوختەکانیان بڵاوبکەنەوە. (پێشنیاز دەکەم بیکەنە لاپەڕەیەک بۆ گوتەی رۆژنامەکانی جیهان لەسەر مەسەلەکانی رۆژهەڵات و عیراق و کوردستان).
2- داوا دەکات رۆژنامەکە هەواڵی کوردستان و حزبەکانی تریش بڵاوبکاتەوە. هەمان روانگەی لە دیدارەکەی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان دووبارە دەکاتەوە. 
3- وەکو هەمیشە دووپاتی دەکردەوە، لێرەش دەڵێت: (هەقە هەمیشە مانشێت و سەروتارتان هەبێت، ئەگینا رۆژنامەکەتان کەچەڵ دەبێت).

وتارەکانی نوسەر