ستران عەبدوڵڵا 10:34 AM - 2026/11/11

تەگبیری مام جەلال لە کایەی راگەیاندندا وەک تەگبیرەکانی لە کایەکانی شۆڕشدا: خستنەگەڕی ئەو توانا و کەرەستانەی لەبەردەستدان بۆ بەدەستهێنانی باشترین و شیاو و لەبەر دەستترین دەرەنجام بەرجەستە و دیارن. ئەم خەم و خەیاڵەی لەناو شۆرش و وێستگەکانی کاری راگەیاندنی شۆڕشدا، تەنانەت لە کوردستانی رزگاری دوای راپەڕینیش هەر بانگەوازی بۆ کردووە.
ئەم فەرهەنگە بووە مایەی دروستبوونی یەکەم تەلەفزیۆنی ئازاد لە کوردستاندا لە بنچینەدا (تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان) بەرهەمی ئیرادەی پتەوی دروستکردن و کەمی کەرەستە و ئامرازەکانی بەردەست بووە، کوردستانی نوێ و ئیتحادیش لە رووی کادر و تەکنیکار و رۆژنامەنووسەوە، بەرهەمی خەباتی هاوبەشی میدیاکارانی شاخ و میدیاکارانی شار لە هەرێمی ئازادکراو، تێکەڵکردنی چاپخانە و پێویستییەکانی تەکنیکی ئەو بوارە بووە.
راستیەکەی ئەم نیازی کارکردنی پێکەوەیی ئەنگێزەی سەرەکی کارەکانی دەزگای راگەیاندن و ئینجا مەکتەبی راگەیاندن بووە. تا پەیام یەک بێت، توانا یەک بخرێت با تەنانەت کەرەستەکان جیاواز بن. دەنا هەر کەناڵێک خۆی بەجیا دروست بووە و دوایی لە پەیوەندییەکی فیدراڵیدا (هەندێک جاریش لە پەیوەندیی ناوەندێتی توند، یاخود خاودا) لە چوارچێوەی مەکتەبی راگەیاندن رێکخراون.
بۆ زیاتر ئاشنابوونیش لەگەڵ روانگەکانی مام جەلال لە دوای راپەرین کە درێژە و پەرەپێدەری هەمان روانگەی سەردەمی شۆڕش بووە، ئاماژە بە دیدارێکی مام جەلال و پەیامێکی پیرۆزبایی ئەو دەکەین، بە بۆنەی یادی کوردستانی نوێوە. 
هەمان هێڵە سەرەکییەکانی بیروباوەڕەکانی خۆی و (لە راستیشدا ئەزموونی کرداری خۆی) لە کۆڕی فراوانی لەگەڵ کادرانی ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی خاک (رۆژی5-3-1999) و لە دوو پەیامی تری بۆ یادی کوردستانی نوێ، دوپات کردۆتەوە. 
هێڵی بیروباوەڕی مام جەلال یەک هێڵی بەردەوامە، راستەرێیە و هەمیشە لە گەشەکردندایە.
لە دیدارەکەی گەلی کوردستان_کەناڵی هەولێردا کە رۆژی 13/1/1996 لە ژمارە 1188ی کوردستانی نوێ بڵاوبۆتەوە، مام جەلال لەسەر چەند تەوەرێک رێوشوێنەکانی گەشەکردنی رۆژنامەی کوردستانی نوێ دیاری دەکات کە جگە لە کوردستانی نوێ بۆ هەموو بڵاوکراوەیەکی پابەند و سەنگینیش دەست دەدات:
1- کۆنفرانسێک بۆ ستافی کوردستانی نوێ ساز بکرێت کە هەر کۆبوونەوەی ئاسایی نەبێت بەڵکو چەند گروپێکی لێکۆڵینەوە (وەکو فۆکس گروپ) پێکبهێنرێت، هەر گروپە و باسی لایەنێکی رۆژنامەکە بکات، بۆ هەڵسەنگاندنی لایەنەکانی رۆژنامەکە تێیدا هەموو رۆژنامەنووسان بیروڕای خۆیان بخەنەڕوو.
2 ئەم کۆنفرانسە ئامۆژگاری و راسپاردە و رێنوێنی هەبێت بۆ گەشەکردن.
3- جگە لە بەشداریی کارگێڕانی خودی رۆژنامەکە، ئەمانەش بەشداری بکەن:
-ئەو هەڤاڵانەی سەرکردایەتی کە ئەزموونی راگەیاندنیان هەیە و گۆڤار و رۆژنامەیان دەرکردووە. بە نموونەش ناو دەهێنێت، کاکەکان: نەوشیروان مستەفا، فواد مەعسوم، ئەرسەلان بایز، عادل موراد و (هەڤاڵانی تر کە ناویانم لە یاد نییە).
-هەندێک لە مامۆستایانی زانکۆ و پسپۆرانی تری سەربەخۆ کۆبکەینەوە و ئەمانە رێنوێنیمان بکەن.
-هەندێک دۆستی ئەجنەبیش کە ناو بە ناو سەری وڵاتەکەمان دەدەن، یاخود بانگیان بکەین و بۆ ماوەیەک رێنوێنی رۆژنامەکەمان بکەن.
-ئەگەر بۆمان بکرێت ئەوانەی لە رۆژنامەکەدا جێگیرن (کە دەزانین نەگۆڕن و دەمێننەوە لە رۆژنامەکە) بیاننێرین بۆ دەرەوە، هەندێک شت فێربن. بۆ دوارۆژیش دەتوانین:
-کەڵک لەو دۆستایەتییە وەربگرین کە لەگەڵ هەندێک جەماعەت و گروپ هەمانە، بۆ ئەوەی خەڵکمان بۆ پەروەردە بکەن.
ئینجا بە فراوانتریش بۆ کۆی راگەیاندن، نەک هەر رۆژنامە، دەڵێت: ئینشاڵڵا مەجالی ئەوەمان دەبێت هەندێک لە خوشک و براکانمان بنێرین بۆ دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی لە رۆژنامەگەری و تیڤی و رادیۆ شارەزایی زیاتر پەیدا بکەن.
4- ئەو رێنمایی و ئامۆژگارییانەمان هەر قسە نەبێت، هەوڵ بدەین جێبەجێیان بکەین و پێداویستی جێبەجێکردنیشیان دابین بکەین.
هەموو ئەم هەنگاوانەش بۆ ئەوەیە کوردستانی نوێ (بە ناو و ناوەرۆکەوە نوێ بێت، شایانی یەکێتی بێت کە خاوەنی هەزاران شەهیدە و خاوەنی سەروەری دەرچواندنی رۆژنامەیەکی رۆژانەی سەردەمیانە بێت).

وتارەکانی نوسەر