ستران عەبدوڵڵا
ستران عەبدوڵڵا
ئەم ئەزموونە نەک لە سەرەتای دینگە داکوتانی راگەیاندنی حەریفانەی رۆژنامە و رادیۆی بزووتنەوە و شۆڕشەوە چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵکو لە داڕشتنی ئەندێشەییدا ئامادە و شوێنگرە، بەتایبەتی لە پلانی دەستپێکردنی شۆڕشی نوێ بە ماوەیەکی کەمی دوای دامەزراندن کە ناوی (نەخشەی رزگاری) لێنراوە. کاغەزێکی خەت و خاڵ ڕوون بە قەڵەمی مام جەلال کە بە زمانی عەرەبی نووسراوە و مەبەست لێی ئەندێشەی شۆڕشێکی کوردی و سەرتاسەری کوردستانی و خاوەن رەهەندی ئۆپۆزیسیۆنی عیراقییە دژی دیکتاتۆری بەعس.
لە بانگەوازی سیاسییەوە تا رادیۆ
نەخشەی رزگاری کە مام جەلال نووسیوێتی چەندین ئەرکی شۆڕشگێڕیی بۆ پەرپاکردنەوەی شۆڕش و پانتایی و مەودای جوگرافی شۆڕشەکە قۆناغبەندی کردووە، وردەکاریی نەخشەکە خۆی توێژینەوەیەکی تایبەتی دەوێت لەسەر ئەندێشەی شۆڕشی نوێ و ئامادەکارییەکانی کە بۆ ئەم شۆڕشە نراون.
هەر بڕگەیەکی 100 نووسراو و توێژینەوە هەڵدەگرێت، بەڵام ئێمە لەم نووسینەدا زووم دەخەینە سەر دیوە میدیاییەکە، لەسەرەتای ئەرکدا پروپاگەندە و راگەیاندن تێکەڵن و یەک مانا دەدەن کە ئەمە رەنگە خۆش نەیەتە گوێ بۆ ئەوانەی ئەرکی پروپاگەندەیان بەستۆتەوە بە دامەزراوەی دروستکردنی هەواڵ و زانیاریی پەخشکردنی بابەتی سایکۆلۆژی جەنگی و ململانێی حەریفەکانی ئەو بوارە کە مەبەست لێی تاقیکردنەوەی کار و کاردانەوەیە، لە کاتێکدا باسەكانی راگەیاندن پەیوەستن بە زانیاریی دروست و پێوانی رای گشتی و پەرەپێدانی هۆشیاریی ناو کۆمەڵگە و سیاسەت و شەئنی گشتی، بەڵام راستییەکەی لە نەبەردی بەرەنگاریی رژێمە دیکتاتۆر و داگیرکەرەکاندا کە هیچ بۆ جەماوەر و نەتەوەی بندەست ناهێڵێتەوە، مەگەر شۆڕشی گشتگیر و هەمەلایەن نەبێت، ئەم دوو باسه تێکەڵن و پێکەوەن.
پڕوپاگەندە دەبێتە جەنگێکی دەروونی و سیاسی وەک بەشێک لە هونەری خەڵەتاندنی جەنگی لە دژی دوژمنی دیکتاتۆری، تا زەمینە خۆشکردن بۆ زاڵبوونی شۆڕش و بڵاوبوونەوە و دابینکردنی ناوچەی تەناهی و ئازاد بۆ ئەو شۆڕشە، پروپاگەندە و قیل و قال سەرەتا دەبن بۆ دابینکردنی شوێنێک بۆ شۆڕش کە لەوێوە بتوانێت دامەزراوەکانی میدیا دامەزرێنێ و قۆناغی دووەم دەست پێبکات کە بریتییە لە راگەیاندنی شۆڕشگێڕی، وەک بەشێک لە پیادەکردنی بنەماکانی خوێندنگەی کۆمەڵایەتی لە راگەیاندندا. لەبەرئەمە دەبینرێت (نەخشەی رزگاری) مام جەلال، سەرەتا بە شێوەی پروپاگەندە دەستپێدەکات، ئینجا دەچێتە سەر پێکهێنانی بنکەی رادیۆیی.
بەم شێوەیە لە بنەماکانی دەستپێکردنی کاری نەخشەخاڵی یەکەم وایە: (دابینکردنی یەکەی چەکداریی بچووک و جووڵا و کە پێکدێت لە باشترین شۆڕشگێڕە هۆشیار و ئازاکان، ئەمانە ئەركی سەرەكییان، لەم قۆناغەدا، بریتی دەبێت لە پروپاگەندە و بانگەشەی سیاسی، هۆشیارکردنەوە و رێکخستن و هاندانی جەماوەری، بەرزکردنەوەی ورەی خەڵکی و پاراستنی کادرەکان و ئەندامە شۆڕشگێڕەکانی کە لە شارەکانەوە هەڵدەدێن).
لە خاڵی حەوتەم بەدڵنیایی ترەوە، دوای جێبەجێکردنی ئەم ئەركانە، دەڵێت (کارپێکردنی ئێزگەکە) و بێگومان ئێزگەکە پەیوەستە بە بوونی خاکی ئازادکراو و ناوچەی ئارام و تەناهی کە شۆڕش دەستی بەسەردا دەشکێ و دەتوانێت بە دڵنیاییەوە دامەزراوەکانی خۆی لەوانەش (ئێزگەکە)ی تێدا دابمەزرێنێ.
(ئێزگەکە) کاری راگەیاندنە، هەرچی پروپاگەندە و بانگەوازی سیاسییە، ئەوا کاری تیپە چەکدارە جووڵاوەکانە، ئەمانە دێن و دەڕۆن و بە ناوچەکاندا بڵاودەبنەوە. ئیشیان پێدانی نامیلکە و بڵاوکراوە و بانگەوازە بۆ شۆڕش کە بڵاوکراوە لە شوێنی تایبەت، جا دەرەوە یان بنکەی نهێنی ناو شارەکان، چاپ دەکرێن. تەنانەت جاری وا هەیە پروپاگەندە وەک قیل و قال و چاوبەستەکیش دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەم نەخشەیەدا.
کاک محەمەد حاجی مەحمود لە دێکۆمێنتارییەکی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێدا دەڵێت: (لە شارەزوور دووری دێهاتەکان دەبووین، ئینجا دوو پێشمەرگە دەچووین داوای ئاو و نانمان دەکرد بۆ کۆمەڵە پێشمەرگەیەکی زۆر، ئاو و نانی زۆرمان دەبرد بۆ ئەوەی جەماوەری دێهات بڵێن پێشمەرگەی زۆر پەیدابوون و شۆڕش دەستی پێکردۆتەوە. دەنا ئەو هەموو ئاو و نانەیان بۆ چییە؟.. (فیلمی دێکۆمێنتاری مێژوو لێرەوە دەست پێدەکات لە بەرهەمی مەکتەبی بیر و هۆشیاری...سەرپەرشتی و بیرۆکەی فەرید ئەسەسەرد، سیناریۆی ستران عەبدولڵا بەرهەمی ساڵی 2003)