ستران عەبدوڵڵا 11:47 AM - 2026/10/14

 ستران عەبدوڵڵا

دوای چەندین دەیە لەو ریپۆرتاژەی لەسەر بولگاریا نووسیونی، مام جەلال  کە سەردانێکی دڵخوازی خۆی بۆ وڵاتی دۆستە دێرینەکانی لە چین دەکات، دیسانەوە بە پەرەمووچی وردی رۆژنامەنووسێک و سەلیقەی ریپۆرتاژی جوانەوە  کە پێشتر بە نهێنی سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە. سێ  تێبینی و دیتنی رۆژنامەنووسی لەسەر گەشەی تازەی چین دەنووسێ.                                                                 

واتا مام جەلال لەم سەردانە زۆر دواخراو و درەنگ کەوتوودا، وەک سەرکردە و سیاسەتمەدارێکی گەورەی کورد و عیراقی، دەبێتە میوانی وڵاتی چین، بەڵام لەو سەرەوە وەک هەر ریپۆرتەرێکی بە ئەزموون ریپۆرتاژی خۆی دەنووسێتەوە  و سەرنج و دیتنەکانی دەکاتە جانتایەکی هەواڵی نێردراومان لە پەکینەوە بۆ کوردستانی نوێ : 
(یەکەم تێبینی ئه‌و گەشەکردنه گەورەیە و بنیاتنان و  شەقامەکان بوون، هه‌ر لە فرۆکەخانەوە تا کۆشکی میوانداریی، فرۆکەخانەکە نوێ و لەسەر تازەترین شێواز و بەردەوام لە فراوانکردندا بوو، پایتەختیش که‌ نوێکراوەتەوە و بەردەوام لە نوێبوونەوەدایه، بەسەدان باڵەخانەی سەرکەشی تازەمان بە نەخشەسازی جۆراوجۆر لە هەردوو بەری شەقامه بەرینە رازاوەکاندا بینیی و ناوەڕاست و هەردوو دیوی شەقامەکانیش بە درەخت و گوڵ رازابوونەوە.
دووەم تێبینی ئه‌و پاک و خاوێنییه بەرچاوه بوو کە بەشەقام و شۆستەکاندا دەبیندرا، سێیەم تێبینیش: ئه‌و جلوبەرگە ئەوروپاییه جوان و پۆشتانه بوون که لەبەر ژن و پیاوانی چینیدا بوون کە دەستکردی چینن، بەڵام لەگەڵ ئه‌و جوانی و دڵگیرییەی قوماشەکانیدا، به تایبەتیش ئاوریشمی بەناوبانگی چینی، هەرزان بوون. رۆژنامەی کوردستانی نوێ، لە ژمارەکانی (3160، 3164)، رۆژانی (2-7/ 9 / 2003).
 هەر ئەم شارەزایی و رۆحە رۆژنامەوانییە پشوودرێژەییە، هانی داوە وەک سەرنووسەر و بگرە وەک خاوەن دامەزراوەیەکی رۆژنامەوانی و میدیایی ئامۆژگاری کرداری رۆژنامەوانەکان بکات. لە خولەکاندا سمیناری ئەزموون و پسپۆڕی پێشکەش بکات و لە باسوخواسەکاندا  بچێتە ناو وردەکاری کار و پیشەی رۆژنامەوانییەوە.
لە خولی(2000)، خولی کوردستانی نوێ کە ساڵی (1999) بۆ رۆژنامەنووسەکانی کوردستانی نوێ خۆی و بۆ بەشی میدیایی دامەزراوەکانی حکومەت و رێکخراوەکان سازی کردبوو، وا باسی سەرەتاکان بۆ خوێندکارانی خولەکە دەگێڕێتەوە: (مامۆستا هەمزە عەبدوڵڵا نووسەرێکی زۆر ناوداری عەرەبی نووس بوو، عەرەبی زۆر باش دەزانی، جارێک نامەیەکم بۆ نووسی و وتم ئینسان چۆن دەبێت بە رۆژنامەنووس؟
نامەیەکی بۆ نووسیبووم بە عەرەبی، من ئەو کات باش له عەرەبی تێنەدەگەشتم، ساڵی 1947 و من لە پۆلی شەشی سەرەتایی بووم، ئه‌و کاغەزەم هه‌ڵگرتبوو دەمخوێندەوە، له‌و شتانەی کە تێیدا هاتبوو و ئێستا له بیرم مابێت ئەیوت ئەوەی ببێته رۆژنامەنووس دەبێت شتێک بزانێت و زانیارییەکی هەبێت لەسەر ئەو شتەی لەسەری دەنووسێت، بۆ نموونه تۆ دەته‌وێت لەسەر مەسەلەی ژنان بنووسیت، ئەم خانمه دەبێت بزانێت مەسەلەی ژنان چین و گیروگرفتەکانی چییه؟
شتێکی لەسەر بزانێت، ئەگینا چ دەنووسێت؟، لەبەرئەوە لەپێش هەموو شتێکدا (زانین) پێویسته بۆ ئەو کەسەی دەیەوێت رۆژنامەنووس بێت، بۆ نموونه لەسەر مەسەلەی جوتیاران، دەبێت بزانێت مەسەلەی جوتیاران چییە و ژیانیان چۆنه و چۆن دەبێت؟ لە پاش ئەوەی ئەوانەی زانی، دەبێت خۆیشی توانایەکی تێدا بێت، بزانێت چۆن ئەم نموونانە  رێکدەخات و چ زمانێک دەزانێت؟ بە چ زمانێک دەینووسێت و چۆن تەعبیر دەکات لەو شتەی دەیەوێت لەسەری بنووسێت؟ کتێبی (رۆژنامە و رۆژنامەنووس ئاوابن)، سمیناری مام جەلال لە خولی رۆژنامەنووسی 2000دا، ستران عەبدوڵڵا، نەوزاد عەلی ئەحمەد، سلێمانی 2025 لە بڵاوکراوەکانی کوردستانی نوێ.
ئەمە بەرهەمی قاڵبوونەوەیە لە کاری پراکتیکی رۆژنامەنووسیدا، نەک هەر ئامۆژگاری کارەکتەر و سەرکردەیەکی سیاسیی، بەڵکو گوێزانەوەی ئەزموونە بۆ نەوەکانی تازە کە بە گوێرەی بۆنە و دەرفەتەکان پێیان دەڵێت وەک مام جەلال کاری پەیامنێری و تەنانەت کاری نێردراویشم کردووە. وەکو چۆن پێش خۆتەرخانکردن بۆ سەرکردەیی لە کوردایەتی، کاری پارێزەری ناو هۆڵەکانی دادگای کردووە لە رێی داکۆکیکردن لە مافخوراوانی کرێکار و زوڵملێکراوانی تر.

وتارەکانی نوسەر