قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران پیشوازی کرد لە گویندەلن ویندی گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و پێکەوە چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان تاوتوێ کرد.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە (14/10/2026) بەڕێوەچوو، گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق و هەرێمی کوردستان لە دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان. باس لەوە کرا قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکان هاتووەتە ئاراوە و لەمەودوا بە گرنگییەکی زیاترەوە کار دەکرێت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە هەموو بوارەکاندا و بە تایبەتیش لە بواری ئابووری و بازرگانیدا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان کرا. هەردوولا بە گرنگیان زانی هەوڵەکان زیاتر چڕبکرێنەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی پێکهێنانی حکومەت.
سەبارەت بە حکومەتی فیدڕاڵیش، هەردوولا بە پێویستیان زانی لایەنە عێراقییەکان هاوکار بن لە پرۆسەی تەواوکاری کابینەی نوێی حکومەتی فیدڕاڵ و هەموو پۆستەکان پڕبکرێنەوە.