ئەمڕۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و دوو تەوەری سەرەکی گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، کە تەوەرێکیان تایبەتە بە پرسی بودجەی هەرێم لە ساڵی 2027 و ئەنجامی کۆبونەوەکانی ئەم دواییەی وەفدی دانوستانکاری هەرێم و بەغداد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبونەوەی ئاسایی خۆیدەکات و بە گویڕەی کارنامەی کۆبونەوەکەش دوو تەوەری سەرەکی گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
لە تەوەری یەکەمدا، ئەنجامی کۆبونەوەکانی ئەم دواییەی وەفدی دانوستانکاری هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی سەبارەت بە دەقە یاساییە پێشنیارکراوەکانی ماددەی (10)ی تایبەت بە هەرێم لە رەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی 2027 دەخرێتە ڕوو.
لە بڕگەی دووەمدا، ئەنجومەنەکە گفتوگۆی لەسەر داواکاریی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەکات سەبارەت بە لێخۆشبونی رێژەی 75٪ لە سزای دواخستنی پێدانی پارەی بەشداری مانگانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ ئەو خاوەنکارانەی کە لە ماوەی 90 رۆژدا سەرجەم قەرزەکانیان بەیەکجار دەدەنەوە.