ستران عەبدوڵڵا 06:18 PM - 2026/09/16

عود و کتێب
دوو رۆژ پێشتر یادی کۆچی دوایی مامۆستا ولیەم یوحەننا بوو، هونەرمەندێکی گەورە کە خزمەتی زۆری هونەر و مۆسیقای کوردی کردووە لە سلێمانی و تەواوی وڵاتدا.
ئەم کتێبە باشە لە نووسینی خانم شنە عەبدوڵڵا محەمەد و لە بڵاوکراوەکانی ئنستیتیوتی کەلەپوری کورد ( دەزگا باشەکەی مامۆستا مەزهەری خالقی ) و لەسەر ئەرکی بەرێوەبەرایەتی چاپ وبڵاوکردنەوەی سڵێمانیی ، لە ساڵی ٢٠١٣، چاپکراوە.
ئەم کتێبە پوختەیەک لە ژیاننامە و کۆششی هونەری مامۆستا ولیەم و نۆتەی ئاواز و دابەشییەکانی تێدایە. وێنەی بەسەرهات و گوزەران و شانۆی چالاکییەکانی گرتۆتە خۆی دۆسێیەکی دەوڵەمەندە بۆ خوێنەری ئاسایی .
لەسەر ژیانی خێزانێکی مەسیحیی پەراگەندە دەدوێت کە لە دەست ستەم وزوڵمی دەوڵەتی عوسمانی و وەرگۆڕانی رۆژگار دەربازی بووە. لە وان بۆ موسڵ و بەعقوبە ، دوایی خێزان لە شاری سلێمانی دەگیرسێتەوە و لەپای ئەوەی سلێمانی و کوردستان باوەشی گەرمی بۆ کردۆتەوە کورێکی داهێنەر و هونەرمەندی بە توانای خۆی دەکاتە خەڵاتی سوپاسگوزاری. ولیەم دەبێتە ئەو هونەرمەندەی بە نۆتە و ئاواز و ریتمی مۆسیقا تێکەڵی رێرەوی ژیانی فەرهەنگی سلێمانی دەبێت و بەرۆح و دڵ دەکەوێتە خزمەتی ئەمما خزمەتی شایان و جاویدان.
شنە خان دەڵێ مامۆستا دەیان خوێندکاری بۆ مۆسیقای کوردی لە تیپی مەولەوی بۆ تیپی سلێمانی و هەموو چالاکییەکی هونەری پەروەردە کرد . گشت بەسەرهاتەکان و شایەتی دۆستانی هونەر لە سلێمانی و بەغدا و تاراوگە وان لەو کتێبەدا . ولیەم کوڕی بە وەفای شار بوو ، وابوو کە رەبەنی دین و دونیا تێکڕای زیندەگی خۆی بۆ هونەر تەرخانکرد. دەیگوت خوێندکارەکانم منداڵی منن و شنەخانیش وەک کچی مامۆستا وابوو کە سەرەنجام لە میراتی دەوڵەمەندی هونەری ئەو مامۆستا بەهاترینی بەرکەوت : عودەکەی.
ئیتر چیرۆکەکە پاداشتی وەفادارییە. سلێمانی ولیەم یوحەننا بە سۆز ومیهرەبانی پێی ناسراوەتەوە پەروەردە دەکات، یوحەننا لایلایەی سۆز دەکاتە نۆتە و مەشق و پەروەردە بۆ منداڵان . خەڵاتی شنەی خوێندکاری بزێو و پر وزەش عودی یادگارییە و پاداشتی ئەم عودە و ئەو هەموو مەشقەش ئەم کتێبەیە کە وا من بە ئێوەی دەناسێنم.
بۆنەی ئەم نووسینە یادی مامۆستایە و هەروەها گەڕانە لە ناو کتێباندا بەڵکو شتێک لە سەر بەزمی رادیۆکانی کورد بنووسم و لەو رێیەدا مۆسیقا دێ و بێژەر دەڕوا. شەپۆڵی هانی هانی و خیتابی توند و شلی رادیۆکان تێن و دەچن. ئیتر ئەم پشووە کورتەی ئاواز و فەرهەنگی تێدەکەوێت و داستانی منەت و وەفاداری هاوبەش رام دەگرن و سەبوورییەکە لەو کۆڕەدا.

ستران عەبدوڵڵا


وتارەکانی نوسەر